به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی باشیك: له ئه‌ركه‌كه‌م به‌رده‌وام ده‌بم و په‌نا ده‌به‌مه به‌ر دادگه

به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی باشیك ئاماژه به‌وه ده‌كات له ئه‌ركه‌كه‌یدا به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌ر جۆره دوورخستنه‌وه و له‌كارلادانێك ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نه‌ینه‌وا كردوویه‌تی، كارێكی نایاساییه و پاڵنه‌ر و هۆكاری سیاسیی و تایه‌فی له پشته.
ڕۆژی سێشه‌ممه 2ـی ته‌ممووزی 2024، غه‌زوان حامید داوودی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی باشیك له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، هاوپەیمانی داهاتووی نەینەوا پراكتیزه‌ی كارێكی نایاسایی كردووه كاتێك به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كانی له ئه‌ركه‌كانیاندا دوورخستووه و لایداون.
غه‌زوان حامید جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی كراوه پێشێلكردنی یاسا و ئه‌و ئه‌ركانه كه له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی پارێزگه‌ی نه‌ینه‌واوه سپێردراون و ته‌واو پاڵنه‌ری سیاسیی و تایه‌فییان له پشته و به هیچ شێوه‌یه‌ك خزمه‌ت به عێراق ناكه‌ن.
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی باشیك دووپاتیشی ده‌كاته‌وه، له ئه‌ركه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت و به مافی خۆی ده‌زانێت خزمه‌ت بكات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش په‌نا ده‌باته به‌ر دادگه. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، كه بە فەرمانی کارگێڕی لە پارێزگاری نەینەوا دامەزراوه، پێش ئەوەی فەرمانێک لە لایەن پارێزگاری نەینەوایشه‌وه دەربچێت، ئەرکەکانی به جێ ناهێڵێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (2ـی تەمموزی 2024) ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی، سەیدۆ خەیری بە قایمقامی قەزای شنگال، خەلیل هابش بە قایمقامی تەلەعفەر، رەعد ناسر بە قایمقامی تلکێف، عەلی ساڵح مازی بە قایمقامی حەزەر، عەلی محەممەد جدەیەع بە بەڕێوەبەری ناحیەی شۆرە و ئوسامە شاهر بە بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە بە زۆرینەی دەنگ دیاری کرد.
ڕۆژی (2ـی تەمموزی 2024) ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەندامانی فراکسیۆنەکەیان ئەندامێتی خۆیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەساردووە.
ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی ئاماژەی بەوەشکرد: بەهۆی ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا پابەندی پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان نەبووە و پێشێلی یاساکانی کردووە لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، بەتایبەتی ناوچەکانی ماددەی 140 کە تایبەتمەندی یاسایی و دەستوورییان هەیە، ئەو بڕیارەیان داوە.
پێشتریش ئەحمەد نازم دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بایکۆتی دانیشتنەکەی ئەمڕۆیان کرد بەهۆی ئەوەی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە نایاسایی بووە و پێچەوانەی ناوەڕۆکی نووسراوێکی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بوو کە داوای کردووە هیچ گۆڕانکارییەک لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکان نەکرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا باسی لەوەش کرد: ناکۆکی هەیە لە ڕووی یاساییەوە، ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە یان پارێزگار، یاخود دەبێت لە ناوچەکان هەڵبژاردن بۆ بەرپرسی یەکەمی ئەو یەکە کارگێڕییانە بکرێت.