مەسعود کاڕەش: بازاڕی قەیسەری بە شێوەیەکی باشتر نۆژەن دەکەینەوە

K24 – هەولێر:

جێگری پارێزگاری هەولێر، ئەندامێکی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر و جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەران، لە میانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژدا، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، باسیان لە دوکاندارانی بازاڕی قەیسەری و قەرەبووکردنەوەیان، هەروەها زوو نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە کرد، هاوکات ئاماژەیان بەوە دا، ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ دوکاندارانی بازاڕی قەیسەری دەیکەن.

لە دەستپێکدا مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر، گوتی: هەولێر هەردەم لەسەر پێی خۆی ڕادەوەستێت و ناکەوێت، ناسنامەی هەولێر بازاڕی قەیسەرییەکەیەتی و ناحەزان دەیانەوێت مێژوویەکەی بشێوێنن.

جەختی لەوە کردەوە، بازاڕی قەیسەری بە شێوەکی باشتر نۆژەن دەکەنەوە و لە جاران جوانتری دەکەن و بۆ ئەم جارە نهۆمی دووەمی بازاڕەکەش دروست دەکرێت. لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر، جێگری پارێزگاری هەولێر، دەڵێت: ئاگرکەوتنەوەکە شتێکی سروشتی نەبوو، بەڵکو پلان و پیلان بوو.

ژمارەیەک دوکانداری بازاڕی قەیسەری باسیان لەوە کرد کە تا ئێستە خاوەن موڵکەکان داوای کرێیان لێ دەکەن، لەو بارەوە، کاڕەش بەڵێنی دا، لەگەڵ پارێزگاری هەولێر قسە لەگەڵ خاوەن موڵکەکان دەکەن تا کرێ لە دوکانداران وەرنەگرن.

لەلایەکی دیکەوە کامەران محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، ڕایگەیاند، دوکانداران بژێوی ڕۆژانەیان لەسەر دوکانەکانیان بووە، ئەوەی بازاڕەکەی سوتاندووە زۆر بێ ویژدان بووە، بەو کارەی کە کردیان ویستیان خەڵک دژی حکوومەت هان بدەن، بەڵام خەڵک زۆر لەوە زیرەکتر و چاوکراوەتر بوون و پەلەیان نەکرد تا سەرۆکی حکوومەت سەردانی کردن و بەڵێنی پێدان تاوانباران دەستگیر بکرێن.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، پێی وایە، سووتانی دوکانەکان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر باری دارایی و دەروونی دوکانداران کردووە و، جولەی بازاڕ وەستاوە، هاوکات گوتی: وەک ژووری بازرگانی، بازاڕی قەیسەریمان خاوێن کردەوە و، پێش جەژن توانیمان بە هاوکاری سەندیکای زێڕنگەران و ئەندامانی ژووری بازرگانی هاوکاری بۆ دوکانداران دابین بکەین، کە زیاتر لە 35 دوکاندار بوون.

ناوبراو هاوشێوەی جێگری پارێزگاری هەولێر بەڵێنی دا، لەگەڵ خاوەن موڵکەکان قسە بکات و هەوڵی تەواوی خۆی بدات تا کرێ لە دوکانداران وەرنەگرن.

بەشێک لە دوکاندارانی بازاڕی قەیسەری، کە لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا بەشداربوون گوتیان: سەرۆکی حکوومەت کە سەردانی کردین بەڵێنی دا بە زووترین کات تاوانباران دەستگیر بکرێن و بازاڕەکەش نۆژەن بکرێتەوە، جێگەی خۆشحاڵییە کە بەڵێنەکەی خۆی بەجێگەیاند و دڵی کاسبکارانی خۆش کرد.

هاوکات داواکارن بە زووترین کات قەرەبوو بکرێنەوە و بازاڕەکەش لە جاران باشتر نۆژەن بکرێتەوە. باسیان لەوەش کرد، تاکە سەرچاوەی بژێویان لەسەر بازاڕەکە بووە و هەمووشیان سکاڵایان لەسەر بکەرانی ئاگرکەوتنەوەکە تۆمار کردووە و دەڵین: دەبێت تاوانباران بە تووندرین شێوە سزا بدرێن.

لای خۆیەوە شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، ڕایگەیاند، بۆ خەڵکی ڕوونبووەوە کە چۆن ئاگرەکە کراوەتەوە، کاتێک ئاگرەکە کەوتەوە سەرەتا وامانزانی بە ئاسانی کۆنترۆڵ دەکرێت، بەڵام تووشی شۆک بووین کە بینیمان لە چەند لایەکەوە ئاگر وا تەشەنە دەکات، لە سەرەتای ئاگرکەوتنەوەکەدا گومانمان کرد کە دەستێک لە پشت ئەو کارەوە بێت.

هاوکات ڕاشیگەیاند، قەبارەی ئاگرەکە زۆر گەورە بوو ئەستەم بوو کۆنترۆڵکردنی، نزیکەی 33 تیم بەردەوام لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا بوون، بەڵام ئەوەی لە تواناماندابوو کردمان ڕێگریمان لەوە کرد کە تەواوی بازاڕی قەیسەری بسووتێت، سوپاس بۆ خوا ئاگرەکە زیانی گیانی نەبوو.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، ڕوونیکردەوە، پاش کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لێژنەیەکیان پێکهێنا بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، راپۆرتێکیان لەو بارەیەوە بە پارێزگار دا. گوتیشی: داوا دەکەین خاوەن موڵکەکان کرێ لە دوکانداران وەرنەگرن تا دوکانەکانیان نۆژەن دەکرێتەوە و دەگەڕێنەوە سەر کاروکاسبی خۆیان.

هەر لەبارەی سووتانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر، عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەران، گوتی: زێڕنگەرەکانیش زیانمەندبوون، بەڵام کاریگەری زۆری لەسەریان نەبوو بەو پێیەی زێڕ بە گەرمی لەناو ناچێت.

گوتیشی: هەموو زێڕنگەرەکان متمانەیان بە پۆلیس، ئاسایش و حکوومەت هەیە و ئێستاش زێڕ و پارەکانیان لە دووکان جێدەهێڵن، کاتێ سەرۆکی حکوومەت سەردانی قەیسەری کرد دڵنیابووین لەوەی  بەڵێنەکەی خۆی لە کەمترین ماوە جێبەجێ دەکات.

جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەران باسی لەوە کرد، وەک سەندیکاری زێڕنگەران توانیمان هاوکارییەکی بچووکی ئەو کەسانە بکەین کە لە بازاڕی قەیسەری زیانمەند بوونە، ژمارەیەک دوکانیش بە هاوکاری بازرگانانی شاری هەولێر، ژووری بازرگانی و سەندیکای زێڕنگەران نۆژەن کرانەوە.

سووتانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر

شەوی (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێك لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.

دوای ڕووداوەکەش پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد، بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.

گوژمەی تەخانکراو بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینارە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھاوکاریکردنی کاسبکاران لە پارەی زبڵ و خاشاک، تابلۆ و باجی 50% بۆ ساڵی 2023 و 100% بۆ ساڵی 2024 خۆشبووە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی بازاڕی قەیسەریی کرد

رۆژی (6ـی ئایاری 2024)، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێری بەسەرکردەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی کرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتیشی ڕاسپارد کە لە زووترین کاتدا، لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونە بە ڕێنماییەکان یان دەستێکی خراپکاری لە پشتە.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داواشی لە دوکانداران و کاسبکار و هاووڵاتییان بەگشتیی کرد کە ڕێکارەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی چیتر ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە دووبارە نەبنەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، بەپێی توانا، هاوکاری هەموو زیانلێکەوتووانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەکەین و یارمەتییان دەدەین، ڕوونیشیکردەوە کە ئەم بازاڕە ، شوێنەوارێکی مێژووییە و هەوڵ دەدەین بە ڕاوێژ و هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان نۆژەنی بکەینەوە.

سووتێنەرەکانی بازاڕەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووك دەستگیر کران

ڕۆژی (1ـی تەمموزی 2024) هەردوو وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە بەغدا، ئاشکرایان کرد دەستێک لە پشت ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکان بووە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارانیشیان ڕاگەیاند.

لە پرۆسەیەکی وردی هەواڵگری نێوان هەولێر و بەغدا، کە دامودەزگاکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ لە هەماهەنگییەکی تەواودا بوون لەژێر ڕاسپاردە و سەرپەرشتی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، بۆ ئەوەی هۆکاری ئەو هەموو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە گوماناوییانە ئاشکرا بکرێن.

لەلایەن خۆیەوە، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ ڕایگەیاند، تۆڕێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوو کەسی سەر بە یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆری سلێمانی، لە پشت هەموو ئەو ئاگرانەوە بوون کە لە ماوەی ڕابردوودا لە بازاڕەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە.

هەروەها هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، توانرا دەستمان بگات بە تۆڕێکی تاوانکاری کە لە ماوەی ڕابردوو زیانێکی زۆریان بەهاووڵاتییانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە گەیاندووە کە ئامانجەکەی لێدانە لە ئابووریی هاووڵاتییان، توڕەکردنی خەڵک و بڕینی سەرچاوەی قووتی هاووڵاتییانە، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە پەیوەندییەکانی نێوان هاووڵاتییان و حکوومەت تێک بدەن.