وەزیری دارایی: بەم زووانە ڕێنمایی نوێ بۆ کارئاسانی گەڕانەوەی پێشینەکان دەردەچێت

کۆبوونەوەی وەزیری دارایی لەگەڵ بانکە پسپۆڕییەکان
کۆبوونەوەی وەزیری دارایی لەگەڵ بانکە پسپۆڕییەکان

K24 – هەولێر:

وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەت کۆبووە وڕایگەیاند: بەم زووانە ڕێنمایی نوێ بۆ کارئاسانی گەڕانەوەی پێشینەکان دەردەچێت.

ڕۆژی سێشەممە (2ـی تەمموزی 2024) ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشێک لە بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەت کۆبووە و لەکۆبوونەوەکەدا پرسی گەڕانەوەی پێشینەکان لە بواری قەرزی نیشتەجێکردن و خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری بە وردی گفتوگۆی لەبارەوە کرا و بەڕێوەبەری بانکەکان داتا و پێشنیازی خۆیان خستەڕوو.

لەلایەن خۆشیەوە، ئاوات شێخ جەناب بانکە پسپۆڕییەکانی ڕاسپارد بە زووترین کات ڕاپۆرت و پێشنیازی خۆیان لەسەر شێوازی گەڕانەوەی پێشینەکان پێشکەش بکەن تا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت و دواتر ڕێنمایی پێویستی بۆ دەردەکرێت بە جۆرێک لەبەرژەوەندی هاووڵاتییان و ئەو چین و توێژانە بێت کە پێشینەکانیان وەرگرتووە.