کوردستان24 دەقی نووسراوی دادگای فیدراڵی لەبارەی بە یاسایی ناساندنی "هەژماری من" بڵاودەکاتەوە

دادگای باڵای فیدراڵی ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەو بانکانەشەوە دەکرێت کە مۆڵەتی بانکی ناوەندییان هەیە و لە هەرێمی کوردستان لقیان هەیە.
لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردووە، دادوەر جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی ئاماژەی بەوە داوە، بابەتی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەو بانکانەش دەگرێتەوە کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتیان پێدراوە و لە هەرێمی کوردستان لقیان هەیە.
سەرۆکی دادگەی فیدراڵی لە نووسراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، هەڵبژاردنی بانکی دڵخواز بۆ پرۆسەی بە بانیکردن دەگەڕێتەوە بۆ بژاردەی فەرمانبەر و مووچەخۆران.

هاوکات لە نووسراوێکی فەرمی دیکەدا کە فەرمانگەی چاودێریی بانکەکان ئاڕاستەی دادگەی فیدراڵی کردووە، ناوی ئەو بانکانەی کە مۆڵەتی بانکی ناوەندیان هەیە و لە هەرێمی کوردستان لقیان هەیە ئاماژەی پێکراوە.



حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی نووسراوەکەی سەرۆکی دادگای فیدراڵی؛ ئاماژەی بەوە کردووە: "مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش وەک هەموو مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئازادن لە بەبانکیکردنی مووچەکانیان لە بانکی حکوومی یان تایبەت لە چوارچێوەی ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆسەکەدا".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەم نووسراوەی دادگای فیدراڵی، هەنگاوێکی باش و دادپەروەرانەیە و مووچەخۆران ئازاد و سەرپشک دەکات لە هەڵبژاردنی بانکەکانیان".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: "لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبێت لە کارکردن بە پێی ڕێنماییەکانی بانکیی ناوەندیی عێراق و پێویستە بانکەکانی بەشدار لە پرۆژەی (هەژماری من) هەر لە چوارچێوەی ئەم ڕێنماییانەدا، درێژە بە پرۆسەکە بدەن و تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەم پرۆسەیە تۆمار بکرێن".
به گوێرهی ئامارەکانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، تاوهكو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆر، خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە و 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.
ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی هەژماری من تاوەکوو ئێستا هەشت بانکە و هەریەکە لە بانکەکانی، ئاڕتی، جیهان، بەغدا، بی بی ئەی سی (بانكێكی لوبنانییه)، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکیی ئیسلامیی عێراقی، بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) لەخۆ دەگرێت.