بەهۆی زاخۆ شورتە هێشتا بە فەرمی نەبووەتە پاڵەوان
یانەی شورتە سەرەڕای ئەوەی وەكو پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق خۆی ناساندووە، بەڵام هێشتا بە فەرمی دەستەی بەڕێوەبەرانی خولی ئەستێرەكانی عێراق و لالیگا بەهۆی سكاڵایەكەی یانەی زاخۆ دانیان بە پاڵەوانبوونی شورتە دانەناوە.
لە گەڕی 37ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق یانەی شورتە بە گۆڵێكی بێوەڵام لە دهۆكی بردەوە و بە 5 خاڵ پێش قوە جەوییەی نزیكترین ركابەری كەوتەوە، بەمەش بەپێی ریزبەندی و خاڵەكان بێت شورتە هەفتەیەك پێش كۆتایی هاتنی خولەكە پاڵەوانبوونی خولی ئەستێرەكانی عێراقی یەكلایی كردەوە.
یانەی شورتە سەرەڕای ئەوەی لە پلاتفۆرمەكانی خۆی لە سۆشیاڵمیدیا پاڵەوانبوونی خۆی راگەیاند، بەڵام هێشتا فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و دەستەی بەڕێوەبەرانی خولی ئەستێرەكانی عێراق (لالیگا) بە فەرمی یانەی شورتەیان وەكو پاڵەوانی ئەم وەرزە نەناساندووە، بەهۆی ئەوەی هێشتا بابەتی سكاڵایەكەی یانەی زاخۆ كە لە دادگای سویسرا تۆماركراوە و یەكلایی نەكراوەتەوە.
لە گەڕی هەشتەمی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی شورتە لە نێو یاریگەی خۆی بە 2 گۆڵی بێوەڵام لە زاخۆی بردەوە، بەڵام دوای یارییەكە دەستەی كارگێری یانەی زاخۆ بە فەرمی سكاڵای تۆمار كرد بەهۆی ئەوەی یانەی شورتە بەشداریی بە 3 یاریزانی پیشەگەر كردبوو كە وڵاتەكانیان لە ریزبەندی هەڵبژاردەكانی جیهان لە سەرووی پۆلینی 90ـن، ئەمەش پێی یاسا رێگە پێدراو نییە.
دواتر دەستەی بەڕێوەبەرانی خولی ئەستێرەكانی عێراق بە فەرمی سكاڵایەكەی یانەی زاخۆ پەسەند كرد و یارییەكەی 3 ـ 0 لە بەرژەوەندی زاخۆ هەژمار كرد.
دوای 15 رۆژ بەسەر ئەو بڕیارە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەژێر تانە و فشارەكانی یانەی شورتە، لێژنەی پێشێلكاری لە ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرانی خولی ئەستێرەكانی عێراق بڕیاری دا 3 خاڵەكە بۆ یانەی شورتە بگەڕێنێتەوە.
دواتر یانەی زاخۆ لە دادگای نێودەوڵەتی كاس لە سویسرا سكاڵای لەسەر دەستەی بەڕێوەبەرانی خولی ئەستێرەكانی عێراق تۆمار كرد كە پێچەوانەی ئەو یاسا و رێنماییانە كاری كردووە كە مەرجی بەشداربوونی یانەكانن لە خولەكە.
