سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە مەسعود پزیشکیان دەکات

"ئێران دراوسێیەکی گرنگی هەرێمی کوردستان و عێراقە"

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی (ڕاست) و مەسعود پزیشکیان (چەپ)
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی (ڕاست) و مەسعود پزیشکیان (چەپ)

 سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە مەسعود پزیشکیان دەکات و دەڵێت، "ئێران دراوسێیەکی گرنگی هەرێمی کوردستان و عێراقە".

شەممە، 06-07-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) پیرۆزبایی لە مەسعود پزیشکیان کرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئێران، وەکوو ئەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پۆستەکەیدا جەختی لێ کردووەتەوە، "دراوسێیەکی گرنگی هەرێمی کوردستان و عێراقە. بە هیوای قووڵکردنەوەی هاوئاهەنگیی نێوانمان لەسەر بنەمای دراوسێیەتی و ڕێز و بەرژەوەندیی هاوبەش".

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 06-07-2024، ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی چواردەهەمین خولی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیەندرا و مەسعود پزیشکیان بە نۆیەمین سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا.

بەپێی ئەنجامەکان، ڕێژەی بەشداریی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماریدا %49.8 بووە و ئاژانسی ئیرنا بڵاوی کردووتەوە، لە کۆی 30 ملیۆن و 530 هەزار و 157 دەنگی سەندووقەکانی دەنگدانی دەرەوە و ناوخۆی ئێران، مەسعود پزیشکیان، لە بەرەی چاکسازیخوازەکان بە 16 ملیۆن و 384 هەزارو 403 دەنگ بە نۆیەمین سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا.

مەسعود پزیشکیان، کێیە؟

* 29ـی ئەیلوولی 1954 لە مەهاباد لەدایک بووە.

* دایکی کوردە و باوکی ئازەرییە.

* پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەرییە.

* 2001 – 2005 وەزیری تەندروستی بووە.

* پێنج خول لەسەر یەک پەرلەمانتار بووە.

* 2016 – 2020 جێگری سەرۆکی پەرلەمان بووە.

چواردەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران، سێهەمین هەڵبژاردنی پێشوەختەیە ئەمیش لە ئەنجامی گیانسپاردنی سەرکۆمار ئیبراهیم ڕەئیسی بوو کە ڕۆژی 15ی ئایاری 2024 لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی لە سنووری پارێزگای تەورێز، لەگەڵ هەشت لە سەرنشینانی دیکەی نێو هێلیکۆپتەرەکە گیانیان سپارد.