سلێمانی؛ سەرپێچیی دووکاندارەکان کەمی کردووە
لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامی سلێمانی ڕایانگەیاند، ژمارەی سەرپێچی دووکاندارەکان کەمی کردووە.
شەممە، 6ـی تەمموزی 2024، لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامی سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا ئاماری نوێیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاندووە: بەپێی دواین ئامار، کە بۆ کاروچالاکیی لێژنە هاوبەشەکان بڵاوکراوەتەوە، لەمانگی ڕابردوودا سەرەڕای پشووەکانی جەژن و هاتنی گەشتیارێکی زۆر بۆ سلێمانی، ژمارەی سەرپێچییەکان و داخستن و لەناوبردن و ئاگادارکردنەوە، کەم بوونەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکە هاتووە، بەپێی ئامارەکە، لەمانگی شەشی ئەم ساڵدا لێژنە هاوبەشەکان شەش هەزار و 909 سەردانیان کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا 468 سەرپێچییان تۆمار کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە لە مانگی پێشوتردا حەوت هەزار و 448 سەرپێچی تۆمار کرابوون.
هەروەها، هەربەپێی ئامارەکە لەمانگی شەشی ئەمساڵدا 18 داخستن و 163 ئاگادارکردنەوە تۆمار کراوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، هەر لەو ماوەیەدا 53 ملیۆن و 875 هەزار دینار، سزای دارایی سەرپێچیکاران دراوە کە دەبێتە بەشێک لە داهاتی حکوومەت، هاوکات نزیکەی 36 تۆن خۆراک و کەلوپەلی خراپ و ماوەبەسەرچوو لەناو براون کە بەشێکی خاوەن کۆگا و فرۆشگاکان، خۆیان لێژنەکانیان لە خۆراک و کەلوپەلی خراپ ئاگادار کردووەتەوە.