ئۆپتا بڵاویکردەوە، ئیسپانیا دەبێتە پاڵەوانی یۆرۆ 2024

هەڵبژاردەی تۆپی پێ ئیسپانیا
هەڵبژاردەی تۆپی پێ ئیسپانیا

هەڵبژاردەکانی ئیسپانیا و فەرەنسا و هۆڵەندا و ئینگلاند بلیتی قۆناغی چوار گۆشەی زێڕینی یۆرۆ 2024ـیان بەدەستهێنا و ئەو چوار هەڵبژاردەیە رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی بلیتی یاریی کۆتایی دەکەن.

هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرامبەر ئەڵمانیا و هەڵبژاردەی فەرەنساش بەرامبەر پورتوگال سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، لەلایەکی دیکەوە ئینگلاند بە بەرامبەر سویسرا و هۆڵەنداش بەرامبەر تورکیا بردنەوەیان بەدەستهێنا. لە قۆناغی پێشکۆتایی ئیسپانیا و فەرەنسا هەروەها هۆڵەندا و ئینگلاند رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.

ماڵپەری ئۆپتا کە تایبەتە بە داتا و ئامارەکانی تۆپی پێ،  دوای پێداچوونەوە بە داتا و ئامار و ئاستەکانی هەر تیپێک چانسی بردنەوەی پاڵەوانێتییەکە دیاری دەکات، بە گوێرەی ئەو داتا و ئامارانەی ئۆپتا دیاری کردوون، هەڵبژاردەی ئیسپانیا زۆرترین چانسی هەیە بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024 و رێژەکەشیان 32.17%ـیە.

لە دوای ئیسپانیای خاوەنی سێ ناسناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، هەڵبژاردەی فەرەنسا لە پلەی دووەم دێت و ئەو هەڵبژاردەیەش بە رێژەی ٪27.31 و ئینگلاند لە پلەی سێیەم بە رێژەی ٪26.59 و هەروەها هۆڵەندا لە پلەی چوارەم، بە رێژەی ٪13.39 چانسی بردنەوەی ناسناوەکەیان هەیە.