ئالکانتارا واز لە یاریکردن دەهێنێت

تیاگۆ ئالکانتارا
تیاگۆ ئالکانتارا

تیاگۆ ئالکانتارا یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بڕیاریداوە لە تەمەنی 33 ساڵی بە یەکجاری واز لە یاریکردن بهێنێت.

فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنوسی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، تیاگۆ ئالکانتارا ناوەڕاستکاری پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەکانی بارسێلۆنا و بایرن میونشن و لیڤەرپوول، بڕیاریداوە واز لە یاریکردن بهێنێت و یاریی بۆ هیچ یانەیەکی دیکە نەکاتەوە، هەروەها ئەو یاریزانە لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکات، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو وەکو راهێنەر دەربکەوێت.

ئالکانتارا لە ئەکادیمیای لاماسیای تایبەت بە یانەی بارسێلۆنا دەستی پێکرد و لە ساڵی 2011 پەیوەندی بە تیپی یەکەمی بلاوگراناوە کرد، پاشان لە ساڵی 2013 رویکردە ریزەکانی یانەی بایرن میونشن و بۆ ماوەی حەوت ساڵ لەو یانەیە یاریکرد، دواجاریش لە ساڵی 2020 پەیوەندی بە لیڤەرپوول کرد و ئەم وەرزە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە کۆتایی هات.

یاریزانە ئیسپانیەکە لە کاروانی وەرزشی خۆی 46 یاریی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کردووە و خاوەنی 2 گۆڵ بوو. هەروەها لەگەڵ یانەکانیش بەشداری 487 یاری کرد و توانی 48 گۆڵ و 63 ئاسیست تۆمار بکات و بە گشتی 27 ناسناوی جۆراوجۆری بەدەستهێنا.