کرووس لە ترسی کۆچبەران ئامادەنیە بگەڕێتەوە ئەڵمانیا
تۆنی کرووس یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، دوای وازهێنانی یەکجارەکی لە تۆپی پێ، ئامادەنیە بگەڕێتەوە وڵاتەکەی و دەڵێت ترسی لە کۆچبەران هەیە و وڵاتەکەی ئارام نیە.
یاریزانە ئەڵمانیەکە لە پۆدکاستی کەناڵی ZDF ڕایگەیاند، ئەڵمانیا ئەو وڵاتە نییە کە 10 ساڵ لەمەوبەر بوو، ئەویش بەهۆی کۆچبەرانەوە و ترسی لەوە هەیە کچەکە بە شەوان رەوانەی دەرەوە بکات لە وڵاتەکەی، بۆیە بڕیاریداوە لە ئیسپانیا بەردەوام بێت لە ژیان کردن.
تۆنی کرووس لە پۆدکاستەکەی کەناڵی ZDF دەڵێت '' ئەڵمانیا چیدیکە ئەو وڵاتە ئارامەی 10 ساڵ پێش ئێستا نیە، لەو ماوەیە ژمارەیەکی بێ شووماری کۆچبەران لە وڵاتانی جیاوازی جیهان روویان لە وڵاتەکەمان کردووە، من ئامادەنیم لە شارێک بژیم کە شەوانە لە ترسی دەرچوونی منداڵەکانم ئارامیم نەبێت ''.
ناوەڕاستکارەکەی مانشافت ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵانی ڕابردوودا کۆچی بەکۆمەڵ بۆ ئەڵمانیا بەردەوام هەبووە و هیچ سنورێک بۆ کۆچبەران نەبووە و دەشڵێت '' هەندێک لە کۆچبەران مرۆڤی باشن، بەڵام ئەگەر نەتوانیت کەسی باش و خراپ لە یەکتری جیابکەیتەوە، کۆتاییەکەی دەبێتە کێشە. دواتریش کاردانەوەی خراپی ئەڵمانیەکانی بە دوا دێت ''.
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی حکومەتی ئەڵمانیا بڵاویکردووەتەوە، لە کۆی 10 تاوان 6 تاوان لەلایەن کۆچبەرەکانەوە دەکرێت، هەروەها کۆچبەرەکان نزیکەی ٪14.6 ژمارەی دانیشتوانی ئەڵمانیا پێکدێنن و بەرپرسیارەتی ٪58.5 لە کۆی گشتی تاوانەکان، کۆچبەرەکان بەرپرسیار بونە.