شنگال.. بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی پەکەکە پێکرا

وێنەی ئۆتۆمبێلەکەی پەکەکە کە لەلایەن تورکیاوە بۆردومان کرا
وێنەی ئۆتۆمبێلەکەی پەکەکە کە لەلایەن تورکیاوە بۆردومان کرا

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە قەزای شنگال بۆمبارانی ئۆتۆمبێلێکی پارتی کرێکاران 'پەکەکە' ی کرد و کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی فیدراڵی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی تەمموزی 2024، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی پەکەکەی لە کۆمەڵگەی تەلقەسب لە قەزای شنگال بۆمباران کرد، کە چوار کەس بەهۆیەوە کوژران و بریندار بوون.

ئیبراهیم سومەیدعی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "دیجلە"ـی عێراقی، ڕایگەیاند، هەماهەنگیی لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە دەربارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هەیە.

بە گوتەی ڕاوێژکارەکەی محەممەد شیاع سوودانی، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) "ئۆپەراسیۆنی تاوانکاری دەکات و حکوومەتی عێراقیش وەکو ڕێکخراوی تیرۆریستی ناساندوویەتی".

پێشتریش، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، "عێراق بۆ ئەوان گرنگە و دەیانەوێت پێکەوە لەگەڵ بەغدا رووبەڕووی 'پەکەکە' ببنەوە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕوونیشی کردەوە، "دۆخی ناسەقامگیری عێراق لە بەرژەوەندیی پەکەکە و رێکخراوە تیرۆریستییەکان بووە" بۆیە بەردەوامییان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان داوە.