فەڕەنسا نزیکەی 16 ساڵە لە ئیسپانیای نەبردووەتەوە
هەژدە ساڵە فەرەنسا نەیتوانیوە هیچ یارییەکی فەرمی لە ئیسپانیا بباتەوە، سەربازەکانی دیدیێ دێشامب دەرفەتی ئەوەیان لە بەردەمە لە قۆناغی پێشکۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024، تۆلەی ئەو هەموو ساڵانە لە لارۆخا بکەنەوە و لەسەر دەستی ئەوانیش، بلیتی یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیەکە بەدەست بهێنن.
هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسا و ئیسپانیا لە یاریی لوتکەی قۆناغی پێشکۆتایی یۆرۆ رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، زۆرێکیش پێیانوایە سەرکەوتووی ئەو یارییە، بە ئەگەرێکی زۆر ناسناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا دەباتەوە و دەبێتە پاڵەوان.
فەرەنسا لەوەتەی ساڵی 2006 کە ئەو کات لە قۆناغی شازدەی مۆندیالی ئەڵمانیا رووبەڕووی ئیسپانیا بونەوە و یارییەکەیان بردەوە، نەیانتوانیوە هیچ یارییەکی دیکەی فەرمی لە رکابەرەکەیان ببەنەوە کە دەکاتە نزیکەی شازدە ساڵ.
دیدیێ دێشامب راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە لەبارەی ئاستی کلیان ئێمباپێ رایگەیاند، ئەو یاریزانە بەهۆی ماسکەکەیەوە هەست بە بێزاری دەکات، بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ تەندروستی پێکانەکەی باشتر دەبێت.
'' ئێمباپێ بەهۆی ئەو ماسکەی بەکاری دەهێنێت هەست بە بێزاری دەکات، ئەو ماسکە ناهێڵێت بە تەواوەتی هەموو شوێنێک ببینێت، بەڵام خۆشبەختانە رۆژ لە دوای رۆژ، پێکانەکەی باشتر دەبێت و هیوادارم لەو یارییە هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبێت. یامال و ویلیامز هەردوو یاریزانی زۆر باشن، راستە کوالێتیان وەکو یەک نیە، بەڵام هێزێکی باشیان داوەتە هەڵبژاردەکەیان، هەر ئەمەش وایکردووە، ئیسپانیای ئەمجارە لە ئیسپانیای ساڵانی رابردوو باشتر بێت ''.
هەڵبژاردەی فەرەنسا لە کاتێکدا گەیشتووەتە قۆناغی پێشکۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024، لە کۆی پێنج یاریی رابردوویان، تەنها یەک گۆڵیان کردووە، ئەویش گۆڵەکەی ئێمباپێ بەرامبەر پۆڵەندا بووە، لە بەرامبەردا دوو گۆڵیان بە هەڵە لەلایەن یاریزانانی بەرامبەر تۆمار کراون.