بەكارهێنانی دەستەواژەی "میستیانۆ پێناڵدۆ" ناڕەزایی گەورەی لێكەوتەوە

گریانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای ئەوەی بەرامبەر سلۆڤینیا لێدانی پێناڵتی لەدەست دا
گریانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای ئەوەی بەرامبەر سلۆڤینیا لێدانی پێناڵتی لەدەست دا

دوای ئەوەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاریی پۆرتوگال و سلۆڤینیا لێدانی پێناڵتی لەدەستدا، كەناڵی تەلەڤزیۆنی بی بی سی بەریتانیا وەكو گاڵتەكردنێك بە كریستیانۆ دەستەواژەی "میستیانۆ پێناڵدۆ"ـی بەكارهێنا، ئەمەش هەوادارانی ئەو یاریزانەی توڕە كرد و كەناڵەكە ناچاركرا روونكردنەوەیەك بڵاو بكاتەوە.
كەناڵی بی بی سی بەریتانیا نایشارێتەوە بەهۆی ئەوەی دەستەواژۆی "میستیانۆ پێناڵدۆ"ـیان بەكارهێناوە لە لایەن هەوادارانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ رووبەڕووی هێرش و رەخنەیەكی زۆر بوونەتەوە، دەشڵێت: شرۆڤەكارە ناودارەكانی ئێمە گاری لینكەر، ئالان شیرەر و خۆزێ فۆنتێ لە كاتی یارییەكەی پۆرتوگال و سلۆڤینیا زۆرترین ستایشی كریستیانۆ رۆناڵدۆیان كردووە، وەكو ئەستێرەیەكی ئازا و خاوەن متمانە ناوی ئەستێرە پۆرتوگالییەكەیان هێناوە بۆ ئەوەی بێتە پێشەوە و لێدانی پێناڵتی جێبەجێ بكات.
ئەمەش لە كاتێكدایە دوای ئەوەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لێدانە پێناڵتییەكەی لەدەستدا كەناڵی بی بی سی بەریتانیا دەستەواژەی "میستیانۆ پێناڵدۆ" بەكارهێنا.
بەڵام كەناڵی بی بی سی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات هیچ كاتێك لە شیكارییەكان ڕەخنەی توندیان لە ڕۆناڵدۆ نەگرتووە و هەمیشە ڕێزیان لێ گرتووە، دەشڵێن: نایشارینەوە بەهۆی ئەو دەستەواژەیە رووبەڕووی ناڕەزاییەكی زۆر بووینەتەوە.
لە لایەكی دیكەوە جۆن تێری بەرگریكاری پێشووی هەڵبژاردەی ئینگڵاند یەكەمین كەس بوو كە رەخنەی توندی لە كەناڵە بەریتانییەكە گرت بەهۆی ئەوەی سوكایەتی بە ئەستێرەیەكی گەورەی وەكو كریستیانۆ رۆناڵدۆ كردووە.
لەمبارەیەوە جۆن تێری دەڵێت: ئەم دەستەواژەیە شەرمەزارییە، كەناڵی بی بی سی دەیویست کۆتایی بە ئەفسانەی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بهێنێت، بەڵام دواتر رۆناڵدۆ بە پێكەنینەوە وەڵامی ئەو هەموو سوكایەتییەی دایەوە و هەڵبژاردەكەی گەیاندە قۆناغی چارەكی كۆتایی یۆرۆ.

كریستیانۆ رۆناڵدۆی تەمەن 39 ساڵ، لە یۆرۆی 2024 لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە قۆناغی چارەكی كۆتایی ماڵئاواییان كرد، دوای ئەوەی بەرامبەر فەرەنسا بە لێدانی یەكلاكەرەوە دۆڕان، لەو پاڵەوانێتییە كریستیانۆ تەنیا یەك ئاسیستی كرد، بۆ یەكەمجار بوو كریستیانۆ لە پاڵەوانێتییەكی گەورە نەتوانێت هیچ گۆڵێك بكات.

.