ئیسپانیا چاوی لە بردنەوەی چوارەم ناسناوی یۆرۆیە

هەڵبژاردەی ئیسپانیا
هەڵبژاردەی ئیسپانیا

ئیسپانیا بەهێزترین پاڵێوراو بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی یۆرۆی 2024، ئەمجارەیان رەنگە تاقیکردنەوەیەکی ئاسانی نەبێت، بەهۆی ئەوەی بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیەکە، پێویستە بەربەستی فەرەنسا تێپەڕێنن.

هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە سەرکردایەتی لامین یامال و نیکۆ ویلیامز، توانیویانە بە ئەنجامی گەورە قۆناغی کۆمەڵەکان و چارەکی کۆتایی و شازدە تێپەڕێنن، ئەمجارەیان ئەم دوو گەنجە ئەرکی ئەوەیان لەسەر شانە، بەربەستی یەکێک لە باشترین هەڵبژاردەکانی جیهان تێپەڕێنن.

دێلافۆنتی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە، ستایشی ئاستی کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری هەڵبژاردەی فەرەنسای کرد و گووتی، ئەو یاریزانە ئەگەر لە رۆژی خۆشی نەبێت، یاریزانێکی مەترسیدار و کاریگەرە.

'' یاریزانانی وەکو کیلیان ئێمباپێ مەترسیدار و کاریگەرن، ئەو یاریزانە تەنانەت ئەگەر بە تەواوەتیش ئامادەنەبێت، مەترسیدارە و کاریگەری خۆی لەسەر یارییەکە دەبێت. یاریزانانی هاشێوەی ئەو دەتوانن لە هەر ساتێکی یارییەکەدا دۆخەکە بگۆڕن، ئەو کەسێکی نایابە و یاریزانێکی گەورەی ئاستی جیهانە ''.

لارۆخا خاوەنی باشترین هێلی هێرشبەری پاڵەوانێتیەکەیە و ئەوان رووبەڕووی خاوەنی باشترین هەڵبژاردەی هێلی بەرگری دەبنەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەمجارەیان ئەرکیان ئاسان نەبێت، هەرچەندە ساڵانێکی زۆرە بەرامبەر رکابەرەکەیان، هیچ یارییەکیان نەدۆڕاندووە.

بۆ ئەم یارییە چەند یاریزانێک لە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەشداری یارییەکە ناکەن، دانی کارڤاخال بەهۆی وەرگرتنی کارتە سوورەکەی یاریی رابردوو بەرامبەر ئەڵمانیا، هەروەها نۆرماندی بەرگریکاریش، بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانی یاریی ناکات، پێدری ناوەڕاستکاریش بەهۆی پێکان بەشداری یارییەکە ناکات.