قایمقامی زاخۆ: بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا  50 گوند چۆڵکراون

موشیر بەشیر، قایمقامی زاخۆ
موشیر بەشیر، قایمقامی زاخۆ

K24 – هەولێر:

قایمقامی زاخۆ ڕایگەیاند، بەهۆی بوونی چەكدارانی پەكەكە و ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، نزیكەی 50 گوندی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ چۆڵكراون. ناوبراو ھۆشداری لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەكان دەدات و دەڵێت: ئەگەر ئەم ڕەوشە بەردەوام بێت خەڵکێكی زیاتر ناچارن ناوچەكانیان چۆڵ بكەن.

موشیر بەشیر، قایمقامی زاخۆ، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: ئەو گوندانەی زاخۆ کە کەوتوونەتە سەر سنوور بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە چۆڵکراون، ئەمەش وای کردووە وردە وردە ژیان لە گوندەکان نەمێنێت و دانیشتووانی کۆچ بەرەو شارەکان بکەن، هەروەها زیانێکی زۆریش بە کشتووکاڵی ناوچەکە گەیشتووە.

قایمقامی زاخۆ، ئاماژەی بەوە دا، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نزیکەی 50 گوند چۆڵکراون و ئەگەر ڕەوشەکەش بەم شێوەیە بەردەوام بێت خەڵکێكی زیاتر ناچارن ناوچەكانیان چۆڵ بكەن.

لەبارەی کاریگەریی شەڕی پەکەکە و تورکیا لەسەر کەرتی گەشتوگوزاری زاخۆ، موشیر بەشیر، گوتی: ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە گشتی دەڤەرێکی گەشتوگوزارییە، لە کابینەی نۆیەمدا گرنگییەکی زۆر بە گشتوگوزاری دەڤەرەکە دراوە، بەڵام ئەگەر ڕەوشەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت بە دڵنیاییەوە کاریگەرییەکی باشی نابێت لەسەر کەرتەکە.

لای خۆیەوە ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەو مەترسیانە ئاگەدارن کە پەکەکە لە سنووری هەرێمی کوردستان  و تورکیا دروستی کردووە، بەڵام پێویستە ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا بە هەماهەنگی عێراق بێت.

قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، دووشەممەی ڕابردوو 1ی تەممووزی 2024، لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق  لەگەڵ هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی تۆڕێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان ڕاگەیاند، کە دەستیان لە سووتاندنی بازاڕەکانی لەنگە و قەیسەری هەولێر، بازاڕی چەلێی دهۆک و قەیسەری کەرکووک و چەند بازاڕێکی دیکە هەبووە.