وەزارەتی دارایی خشتەی مووچەی مانگی حوزەیرانی بڵاو کردەوە

K24 – هەولێر:
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی حوزەیرانی بەشێک لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 10ـی تەمموز، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. دابەشکردنی مووچەکە بە وەزارەتی تەندروستی دەست پێ دەکات و بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کۆتایی دێت.
وەزارەتی دارایی ڕوونیکردەوە، وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتی پەرلەمان لە خشتەکەدا نییە، لەبەرئەوەی تەمویلەکەیان لەبەغداوە نەهاتووە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵن بۆ چارەکردنی ئەو گرفتەی دروست بووە.
هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕی 421 ملیار و 760 ملیۆن دینار وەک بەشێک لەشایستەی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی شارستانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
لەبارەی خەرجکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ، دوێنێ دووشەممە شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق گەیشتە هەولێر و بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
