هۆڵەندا چاوی لە بلیتی فاینەڵی یۆرۆیە

هەڵبژاردەی هۆڵەندا
هەڵبژاردەی هۆڵەندا

هەڵبژاردەی هۆڵەندا، هەڵبژاردە بێ چانسەکەی ئەوروپا و جیهان، ئەمجارەیان چانسێکی دیکەی لەبەردەمە، بۆ ئەوەی دوای ساڵانێکی زۆر، جارێکی دیکە یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا تاقی بکاتەوە.

هۆڵەندییەکان دوای بردنەوەیان بەرامبەر تورکیا، دوای نزیکەی بیست ساڵ جارێکی دیکە گەیشتنە قۆناغی پێشکۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، هەڵبژاردە پرتەقاڵیەکە دوایینجار بیست ساڵ لەمەوبەر گەیشتە ئەم قۆناغە، بەڵام لەم قۆناغە سەرکەوتوو نەبوو و بەرامبەر پۆرتوگاڵ تووشی دۆڕان بوو.

هەڵبژاردەی هۆڵەندا دوایینجار کە قۆناغی پێشکۆتایی بە سەرکەوتوویی تێپەراندبێت و گەیشتبێتە یاریی کۆتایی، یۆرۆی 1988 بوو و ئەو کات توانیان ناسناوەکەش ببەنەوە، کاتێک لە یاریی کۆتایی، رووبەڕووی ئەڵمانیا بونەوە و یارییەکەیان بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، یەکێک لە گۆڵەکانیش رۆنالد کومانی راهێنەر تۆمار کرد.

ئەو هەڵبژاردەیە یەکێک لە هەڵبژاردە بێ چانسەکانی یۆرۆ و ئەروپایە، لەبەر ئەوەی پێشتر سێجاری دیکە گەیشتونەتە قۆناغی پێشکۆتایی و هەرسێجارەکەش دۆڕاون، بە گشتی هۆڵەندا لە مێژوودا چوار جار گەیشتووەتە قۆناغی پێشکۆتایی و سێجار دۆڕاوە.

دوایین رووبەڕووبونەوەی هۆڵەندییەکان بەرامبەر ئینگلاند، ساڵی 2019 لە قۆناغی پێشکۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا '' نەیشن لیگ '' بوو، ئەو کاتە هۆڵەندا توانی یارییەکە بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بباتەوە، هەروەها هەردوو هەڵبژاردە پێشتر دووجاری دیکە لە یۆرۆ یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە و هەردووکیان خاوەن بردنەوەیەکن.

رۆناڵد کومان راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا، بڕیاربوو لەگەڵ ناتان ئاکێ بەرگریکاری هەڵبژاردەکەی، بەشداری کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە بکەن، بەڵام بەهۆی هەبوونی کێشە لە هێلی شەمەندەفەری نێوان شارەکانی وۆلفسبۆرگ و دۆرتمۆند، کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە هەڵوەشایەوە.