گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق: 20 هەزار مێگاوات کورتهێنان لە بەرهەمهێنانی کارەبادا هەیە

ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق
ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت: "عێراق پێویستی بە 42 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام ئێستە ئەو بڕەمان نییە و کورتهێنان هەیە". جەختی لەوە کردەوە، هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدایە.

ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتی: ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق گەیشتووەتە 27 هەزار مێگاوات، لە کاتێکدا بۆ ئەوەی عێراق کێشەی کارەبای نەبێت پێویستی بە 42 هەزار مێگاوات هەیە.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، دەڵێت: وەزارەتی کارەبای عێراق دەیەوێت چەند وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بکاتەوە، یاخود تۆڕەکان بەیەکتر ببەستێتەوە کە یەکێک لەوانە لەگەڵ هەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوەی کورتهێنان لە کەرتی کارەبای پێ پڕ بکاتەوە.

ئەو گوتەبێژە پێی وایە، کێشەکانی کەرتی کارەبا زۆرە و بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەوڵی چارەکردنیان دایە.

لەبارەی چارەنەبوونی کێشەی کارەبا، ناوبراو باسی لەوە کرد، ئەرکی ئێمەیە کاتژمێری پێویستی کارەبا بە هاووڵاتییان بدەین، بەڵام کیشەی تەکنیکیمان هەیە، ئێمە پێویستمان بە 20 هەزار مێگاواتی دیکەیە، چارەکە ئەوەیە چەند وێستگەیەک دابمەزرێنین کە ئەرکیان بەرهەمهێنانی کارەبا بێت، حکوومەت هەوڵی داوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئێران، چین و تورکیا ئەو وێستگانە دروست بکات.

ئەحمەد مووسا، زیاتر گوتی: ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان کراوە چەند شتێکی لەخۆ گرتبوو، بەر لە هەموو شتێک دروستکردنی چەند وێستەگەیەکی هەمەچەشن بە تایبەتی ئەوانەی بەرهەمهێنانیان لە ڕێگەی گازەوەیە، ئەویش ئێستە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها لەگەڵ کۆمپانیا فەرەنسی، ئیماراتی، نەرویجی و سعوودییەکان لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی کارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە بەرهەم بهێنین، بەڵام پێویستی بە دوو بۆ سێ ساڵ هەیە تا تەواوی کارەکانی جێبەجێ بکرێن.

لەبارەی هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ڕوونیکردەوە، پیویستییەکی زۆریان بە گازی ئێرانی هەیە و ناتوانن ئەوها بە زوویی وازی لێ بهێنن، ئەوان ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئێران هەیە بۆ ماوەی 5 ساڵ کە گاز هاوردە بکەن. هاوکات دەڵێت: ئێمە چەند ساڵمان پێویستە بۆ ئەوەی کێڵگەکانی گازی خۆمان تەواو بکەین و سوودی لێ وەربگرین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، باسی لە بوونی گەندەڵی لە وەزارەتەکە کرد و گوتی: هەموو لایەک بە سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقیشەوە باسیان لە بوونی گەندەڵی لە کەرتی کارەبا کردووە، سەرۆکوەزیرانی ئێستەش گوتوویەتی کەمتەرەخەمی لەو کەرتە هەیە و شکستمان هێناوە، خراپی لە پلاندانان هەبووە بۆیە کەوتووینەتە ئەو بارودۆخەوە.

لەبارەی سوودوەرگرتن لە وزەی جێگرەوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد: وزە نوێبووەکان؛ وزەی خۆر نابنە هۆی جێگرەوەی وزەی سەرەکی، ئێمە ناتوانین پشت لە وێستگەکانی گاز بکەین، 80%ـی بەرهەمی کارەبامان لە ڕێگەی ئەو وێستگانەن کە پشت بە سووتەمەنی دەبەستن، بەشێکی لە وێستگەکانی ئێمە بەهۆی گەرمی کار دەکات، بەشێکیش لە ڕێگەی ئاوەوە کار دەکات، بەڵام کەمی ئاو لە ئێستەدا بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی کارەبا.

لەبارەی هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، ئەحمەد مووسا گوتی: هەماهەنگیمان لەگەڵیان زۆر باشە و سوپاسیان دەکەین بۆ ئەو هەماهەنگییە باشەیان، بەڕاستی هەست پێکراوە. نەخشەڕێگەیەک هەیە پێکەوە جێبەجێی دەکەین.