93%ـی خەڵکی دهۆک لە فۆڕمی خۆراک تۆمار کراون

فۆڕمی خۆراک
فۆڕمی خۆراک

زیاتر لە 93%ـی دانیشتووانی دهۆک ناویان لە سیستمی ئەلیکترۆنیی فۆڕمی خۆراکدا تۆمار کردووە، هاوکات هۆشداری دەدرێت هەر کەسێک ئەو کارە نەکات، بەشەخۆراکی مانگانەی دەبڕێت. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری فۆڕمی خۆراک لە دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، پرۆسەی تۆمارکردنی منداڵ و گواستنەوە لە نێوان بریکارەکانی خۆراک لە سیستمی نوێدا دەستی پێکردووە.

 حوسێن سەبری گوتیشی، تاوەکو ئێستا 93%ـی دانیشتووانی پارێزگای دهۆک ناویان لە سیستمی ئەلیکترۆنیی فۆڕمی خۆراکدا تۆمار کردووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، هەر هاووڵاتییەک ناوی خۆی لەو سیستمە نوێیەدا تۆمار نەکات، بەشەخۆراکی مانگانەی لێ دەبڕێت. بۆیە پێویستە هەمووان پەلە بکەن لە پڕکردنەوەی فۆڕمە ئەلیکترۆنییەکە بۆ مسۆگەرکردنی مافی مانگانەیان.

وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ماوەیەکە کار بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی بەشەخۆراکی مانگانە دەکات. 

ئامانج لەم هەنگاوە نەهێشتنی گەندەڵی و ئاشکراکردنی ناوە خەیاڵییەکان و ئاسانکاریکردنە بۆ هاووڵاتییان لە کاتی گواستنەوەی بریکار یان زیادکردنی ناوی منداڵ. 

پرۆسەکە سەرەتا لە چەند پارێزگایەکی عێراق دەستی پێکرد و دواتر هەرێمی کوردستانیشی گرتەوە.