هەولێر، هەڵمەتێکی دارچاندن تا کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت
بەڕێوەبەری پارک و باخچەکان ئاشکرای دەکات، هەڵمەتێکی دارچاندنیان لە هەولێر دەست پێ کردووە و تا کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت.
چوارشەممە 10ـی تەممووزی 2024، ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری پارک و باخچەکانی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دەستیان بە هەڵمەتێکی چاندنی دار لە شاری هەولێر کردووە، لەو هەڵمەتە 190 داریان لە گەڕەکی بەختیاری چاندووە، پلانیش وایە هەر هەفتە و لە سنووری شارەوانییەک لە شەش شارەوانییەکەی هەولێر، هەڵمەتەکە جێبەجێ بکەین و بە ئەندازەی ڕووبەڕەکەی ژمارەیەک داری لێ بچێنین.
بەڕێوەبەری پارک و باخچەکان ئاماژە بەوە دەکات، هەڵمەتەکە درێژکراوەی ئەو هەڵمەتەیە کە لە 14ـی ئازاری ئەمساڵ دەستی پێ کردووە و تا کۆتایی ساڵیش بەردەوام دەبێت، دەشڵێت: تەواوی دارەکان بەرهەمی نەمامگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پارک و باخچەکانن و بەرگەی گەرما دەگرن، دەشڵێت: خەسڵەتی دارەکان وایە چەندی گەرما بەتینتر بێت، دارەکە خێراتر گەشە دەکات.
دووشەممە 8ـی تەممووزی 2024، ڕێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری پارک و باخچەکانی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەپێوەری ڕووبەر سەدا دوو و نیو ڕێژەی سەوزاییان لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بە بەرهەمی خۆیی لەڕێگەی سێ نەمامگەوە زیاد کردووە، دەشڵێت، هیچ بڕە پارەیەک لە زیادکردنی ئەو ڕێژە سەوزاییە خەرج نەکراوە.
بەڕێوەبەری پارک و باخچەکانی هەولێر ئاشکرای دەکات، ئەمساڵ لەسەر بوودجەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بە نزیکەی سێ ملیار و 700 ملیۆن دینار پارکی 150 مەتریی کرایەوە لە شەقامی خێرای هەولێر- پیرمام، لەو یەکتر بڕە نزیکەی 150 هەزار مەتر دووجا سەوز کرا، لەگەڵ ئەوەی دروستکردنی سێ پارکی دیکە لە جێبەجێ کردندان، لەوانە پارکێک لە گەڕەکی ژیان کە ڕووبەڕەکەی نزیکەی 18 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، هاوکات پارکێک لە یەکتربڕی شەقامی 120ـی خێرای هەولێر-موسڵ، هەروەها پارکی ڕەشکین کە تەواوی ئەو پارکانە ساڵی داهاتوو تەواو دەبن.
ڕێبین ئەحمەد ڕایگەیاند، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویانە 400 هەزار دار و 300 هەزار گوڵ بڕوێنن، دەشڵێت، ژمارەیەکی زۆری ئەو دارانە بەسەر شارەوانییەکانی دەرەوەی سنووری شارەوانی هەولێر دابەشکردووە، بەڵام ژمارە هەرە زۆرەکە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر چێندراوە.
