سووتاندنی بازاڕی قەیسەریی کەرکووك لە بەرنامەی باسی ڕۆژدا تاوتوێ دەکرێت

بازاڕی قەیسەری کەرکووک
بازاڕی قەیسەری کەرکووک

K24 – هەولێر:

جێگری پارێزگاری کەرکووک بۆ کاروباری هونەری، کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی، نوێنەرانی دوکاندار و کاسبکارانی بازاڕی قەیسەریی کەرکووک، لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، گفتوگۆیان لەبارەی سووتاندن، هۆ و زیانەکانی بازاڕی قەیسەریی کەرکووك کرد. هاوکات جەختیان لەوە کردەوە، سووتانی بازاڕەکە به‌هۆی شۆرتی كاره‌با نه‌بووه، بەڵکو بەدەستی ئەنقەست بووە.

لە دەستپێکدا عەلی حەمادی، جێگری پارێزگای کەرکووک بۆ کاروباری هونەری ڕایگەیاند، سووتانی بازاڕی قه‌یسه‌ریی کەرکووک به‌هۆی شۆرتی كاره‌با نه‌بووه، بەڵکو دەستێک لە پشتی ئەو سووتاندنە هەبووە.

جێگری پارێزگای کەرکووک بۆ کاروباری هونەری، ئاماژەی بەوە دا، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی ڕووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ كراوە، هەروەها خەمڵاندنیشیان بۆ زیانەکانی بازاڕەکە کردووە.

باسی لەوە کرد، خەمبارن بۆ ڕوودانی ئەو کارەساتە کە بووەتە هۆی ئەوەی کاسبکاران تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان لە دەست بدەن.

لەلایەکی دیکەوە کاوە ئەحمەد فەتحوڵڵا، کادیری پێشکەوتووی پارتی، گوتی: بازاڕی قەیسەری مێژووی کەرکووکە و ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بازاڕی قەیسەریی کەرکووکی سووتاندووە.

ناوبراو گوتیشی: تۆمەتباران دەیانەوێت فیتنەی ساڵی 1959 لە کەرکووک دووبارە بکەنەوە، هەروەها تیرۆرستان ئابووریی خەڵکیان کردووەتە ئامانج و ئەوانەی بازاڕەکان دەسووتێنن هیچیان لە داعش کەمتر نییە.

ئەو کادیرەی پارتی باسی لەوە کرد، پەکەکە دەستی خستووەتە قوڕگی هاووڵاتییان، هەروەها یەکێک لە بکەرانی تاوانەکە بۆخۆی شوێنەوارناسە. جەختی لەوەش کردەوە، کەرکووک لە هەموو کەس و حزبێک گەورەترە.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، "دەستی دەرەکی هەیە کە دەیەوێت فیتنە لە کەرکووک درووست بکات، هەروەها ئەوەی زیاتر بێتاقەتمان دەکات ئەوەیە تۆمەتبارەکان کوردن".

کاوە ئەحمەد فەتحوڵڵا، ئەوەشی خستەڕوو، هەندێک لایەن بازاڕی سیاسییان لەسەر خوێنی هاووڵاتییانە.

لەلایەن خۆیەوە هۆگر فەرهاد،  نوێنەری دوکاندار و کاسبکارانی بازاڕی قەیسەری کەرکووک، ڕایگەیاند: لە یەکەمین هەنگاودا لە دادگا سکاڵایان تۆمارکرد لەسەر بکەرانی ڕووداوەکە.

ناوبراو داوا لە حکوومەت دەکات بەزووترین کات قەرەبووی زیانلێکەوتووەکان بکاتەوە. هاوکات گوتی: "نزیکەی دوو ملیار دینار زیانمان پێ کەوتووە".

نوێنەری دوکاندار و کاسبکارانی بازاڕی قەیسەری کەرکووک گوتیشی: کاسبکاری زیانلێکەوتوو هەیە کە ئێستە لەسەر شەقام ئاو دەفرۆشێت.

هەر لەباری سووتاندی بازاڕەکە حەقی ئیسماعیل، نوێنەری زێڕنگەرانی بازاڕی قەیسەری کەرکووک، دەڵێت: "کە بازاڕەکە بەم جۆرە دەبینم زامم دەکولێتەوە، لە قەیسەری گەورە 360 دوکانمان سووتا و ئێستە هەموومان قەرزدارین".

نوێنەری زێڕنگەرانی بازاڕی قەیسەری کەرکووک، باسی لەوە کرد، حکوومەتی عێراق تا ئێستە قەرەبووی نەکردوونەتەوە. هاوکات دەڵێت: "ئەگەر حکوومەت قەرەبووشمان ناکاتەوە با لە کرێی دوکانەکان بمانبەخشێت".

ژمارەیەک دوکاندار و کاسبکاری بازاڕی قەیسەری کەرکووک لە بەرنامەی باسی ڕۆژدا بەشدار بوون و ڕایانگەیاند، دوای سووتانی دوکانەکانیان قەرزدار بوون و داواکاری سەرەکییان ئەوەیە قەرەبوو بکرێنەوە.

باسیان لەوەش کرد، کاسبکار هەیە زەرەری 200 هەزار دۆلاری پێگەیشتووە، هەروەها سکاڵایان لە دژی ئەوانە تۆمارکردووە کە بازاڕەکەیان سووتاند.

هاوکات گوتیشیان: هیچ سەرچاوەیەکیان بۆ بژێوی ژیان نەماوە.