کۆریای باشوور "چەکێکی لەیزەر" بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دروست دەکات

ئیدارەی پرۆگرامی بەدەستهێنانی بەرگریی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، سیئۆل دەست بە بەرهەمهێنانی "چەکێکی لەیزەر" دەکات کە بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان داڕێژراوە، ئەمساڵ جێگیر دەکرێت.

بە گوێرەی گوتەی ئەو ئیدارە، ئەو چەکە لەیزەرە "دەتوانێت پێشگیریی لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووک بکات لە مەودایەکی کورتدا بە تەقاندنی لەیزەری دروستکراوی فایبەر ئۆپتیک بۆ ئامانجەکان".

ئیدارەکە ئاماژەی بەوەش دا، "ئەو چەکە نوێیە دەتوانێت کاربکات تا ئەوکاتەی کارەبا لەبەردەستدا بێت، تێچووی یەک هەڵدانی تەنها بە نزیکەی دوو هەزار وۆن (1.45 دۆلاری ئەمەریکی) مەزەندە دەکرێت". ڕاشیگەیاند، "لەیزەرەکە بە چاو نابینرێت و هیچ دەنگێکی نییە".

ئاماژەی بەوەش کردووە، "سیستەمی لەیزەر دەتوانێت یاساکانی یارییەکە لە شەڕەکانی داهاتوودا بگۆڕێت، ئەگەر بەرهەمهێنانی زیاد بکات بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی موشەکی بالیستیک و فڕۆکە".

لای خۆیەوە ئیدارەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، "کۆریای باشوور دەبێتە یەکەم وڵاتی ناسراو کە چەکی لەیزەر بەکاربهێنێت ئەگەر ئەمساڵ وەک پلانی بۆ دانراوە جێگیر بکرێت".

مانگی ڕابردوو ئیدارەی کۆریای باشوور گرێبەستێکی بە بەهای نزیکەی 100 ملیار وۆن (72 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی) لەگەڵ کۆمپانیای هانهوا ئایرۆسپەیسی بەرگریی کۆریای باشوور ئیمزا کرد بۆ بەرهەمهێنانی سیستمی چەک، بەڵام وردەکاری زیاتری لەبارەی گرێبەستەکەوە نەخستە ڕوو.

کۆریای باشوور لە ساڵی 2019 دەستی بە پەرەپێدانی چەکی لەیزەر کردووە و بەگوێرەی زانیارییەکانی یۆنهاپ، 87.1 ملیار وۆن کە دەکاتە 63 ملیۆن دۆلاری لەو پڕۆژەیەدا وەبەرهێناوە.