ڤیکتۆر ئۆربان لەگەڵ ترەمپ کۆ دەبێتەوە

وێنەیەکی تێکەوڵاو لە ئاڵاکانی ئەمەریکا و ناتۆ
وێنەیەکی تێکەوڵاو لە ئاڵاکانی ئەمەریکا و ناتۆ

دوای کۆتاییهاتنی لووتکەی ناتۆ، سەرۆکوەزیرانی هەنگارییا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کۆ دەبێتەوە و هەوڵی نێوەندگیریی  لەنێوان ئەمەریکا، ڕووسیا و چین دەدات.

گۆڤاری "تایمی" ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و شی جینپینگ سەرۆکی چین، بڕیارە ئەمڕۆ دوای کۆتاییهاتنی لووتکەی ناتۆ سەردانی مارالاگۆ بکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدای سەرۆکایەتیی کۆمارییەکان کۆ بێتەوە.

گۆڤاری "تایم"  ئاشکراشی کرد، ئۆربان هەوڵی نێوەندگیریی دەدات لەنێوان هەرسێ وڵات، بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و کێشە و ململانێی نێوان ئەمەریکا و چین.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ترەمپ بەهێزترین کاندیدای سەرۆکایەتیی کۆمارییەکانە و پێشبینی دەکرێت لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ببێتەوە سەرۆکی ئەمەریکا.

بڕیارە لە 5ی تشرینی دووەمی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە بچێت، ڕاپرسییەکان دەری دەخەن دۆناڵد ترەمپ، زۆرترین ئەگەری کاندیدی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتی کۆمارییەکانە، پێشبینیش دەکرێت ڕووبەڕووی جۆو بایدن، ببێتەوە.

دۆناڵد ترەمپی کۆماریخواز پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەمەریکا پێش دەستپێکردنی جەنگی جیهانی سێهەم، پێگەی خۆی لەدەست دەدات، ئەگەر جۆو بایدن سەرۆک کۆمار لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

Fly Erbil Advertisment