ئێران بڕی هەناردەی کارەبا بۆ عێراق کەم دەکاتەوە

وێستگەیەکی کارەبا
وێستگەیەکی کارەبا

لە ئێران بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی بەکارهێنانی وزەی کارەباوە؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا قەیرانی کەمیی کارەبا سەری هەڵداوە.

وەزارەتی کارەبای ئێران ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە ڕادەی بەکارهێنانی کارەبا لەو وڵاتە گەیشتووەتە 76 هەزار و 800 مێگاوات و بەراورد بە هەمان ماوەی هەفتەی پێشوو بەکارهێنانی کارەبا پێنج هەزار میگاوات زیادی کردووە.

کارەبای بەشێک لە پارێزگاکانی باشووری وڵاتەکە بڕاوە و ئیدارەی بەشێک لە پارێزگاکان، لەوانە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕیاریان داوە بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر وزەی کارەبا ڕۆژانی پێنجشەممە بکەنە پشووی فەرمی.

هاوکات جەواد ئیمام، گوتەبێژی بەرەی ڕیفۆرمخوازی ئێران، کە پێنج ڕۆژە مەسعود پزیشکیان وەکوو نوێنەری بەرەکەیان بە سەرۆککۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردراوە، ڕەخنەی لە کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی گرتووە و دەڵێت، بەهۆی بەردانەوەی بێپلانی ئاوی بەنداوەکانەوە ڕۆژانە 123 هەزار و 977 مێگاوات وزەی کارەبا بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام ئاوی بەنداوەکان بەخێرایی کەم دەبنەوە.

گوتەبێژەکەی بەرەی ڕێفۆرمخواز دەشڵێت، ئەگەر ئەو ڕەوتەی ئێستا بەردەوام بێت تا 20 ڕۆژی دیکە و لە بەرەبەری دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ، ئاوی بەنداوەکانی کاروون چوار و کاروون سێ دەگەنە ئاستی کەمترین ڕێژە و بەوەش سێ هەزار مێگاوات کارەبا لە تۆڕی وزەی وڵات کەم دەبێتەوە، 20 ڕۆژ دواتریش بەنداوەکانی عەباسپوور و مەسجید سولەیمان بەتەواوی لە تۆڕی بەرهەمهێنانی کارەبا دەردەچن و حکوومەتی نوێ بە کورتهێنانی هەشت هەزار مێگاوات کارەبای ئاوی، دەست بە کار دەکات.

سەبارەت بە هەناردەی کارەبای ئێران بۆ عێراق، محەمەدڕەزا کۆچی، پەرلەمانتاری ئێران، بە ماڵپەڕی ''بەغدا ئەلیەوم''ی ڕاگەیاندووە، ئەگەری هەیە بڕینی کارەبا لە شارەکانی ئێران ئەو وڵاتە ناچار بکات بڕی هەناردەی کارەبا بۆ وڵاتانی دراوسێ، لەوانە عێراقیش کەم بکاتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ڕەخنەی لە وەزیری وزەی وڵاتەکەی گرتووە و دەڵێت، وەزیر بەڵێنی داوە بە هەناردەکردنی کارەبا دراوی بیانی بێنێتە ناو وڵاتەوە، کەچی کورتهێنانی کارەبا لە ناوخۆ بووەتە بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمە پیشەسازییەکان و کارەبای ماڵانیش لە پارێزگاکانی باشووری وڵاتەکە بڕاوە.