ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە
K24 – هەولێر:
بەپێی رێککەوتنێک کە هەموو لایەنەکان ئیمزایان کردبوو، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە.
هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک ڕایگەیاند: ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هاتنە هۆڵی کۆبوونەوە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەستی پێ کرد. هاوکات ئاماژەی بەوە دا، سەرجەم ئەندامان ئامادەن و بەرنامەی کار دەخوێندرێتەوە.
ڕاکان جبووری وەک بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە دانیشتنەکەی بەڕێوەبرد و گوتی: بەشداریی هەموو لایەک لە ئەنجوومەنی پارێزگا زۆر گرنگە، لە کاتێکدا کە لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک نەکراوە، ئەمە کارێکی زۆر گرنگە بۆ جێبەجێکردنی خزمەتگوزاری و سەقامگیری.
باسی لەوەش کرد، "ئێستە یەکەم کۆبوونەوە دەست پێ دەکات و هەوڵ دەدەین گفتوگۆ و دانوستان لەبارەی چەند پرسێک بکەین، کەرکووک بۆ عێراق زۆر گرنگە هەروەها خەڵکەکەی ڕۆڵێکی گرنگیان لە دروستکردنی پێکەوەژیان لە عێراقدا هەبووە".
ڕۆژی چوارشەممە 10ـی تەمموزی 2024 ڕاکان جبوورى، پارێزگارى بە وەکالەتی کەرکووک وەک ئەندامى ئەنجوومەنی پارێزگاکە لە دادگە سوێندى یاسایی خوارد و بڕیارە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا بکات بەو پێیەی بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکەیە.