دەستەی دەستپاکی میساقی شەڕەف ئامادە دەکات
دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ڕەشنووسی میساقی شەرەف ئامادە دەکا و دوو هەفتە دەداتە حزبەکان ڕا و سەرنجی خۆیان لەسەری بخەنەڕوو، ئەو دەستەیە دەڵێت: میساقەکە بۆ پابەندکردنی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە بە پڕەنسیپی سەروەری یاسا و بنەماكانی حكومڕانی تەندروست و دەستپاكی و دژایەتی گەندەڵی.
پێنجشەممە 11ـی تەمووزی 2024، دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لەسەر داوای دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، بە هاوكاری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان (UN) و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەك بۆ نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ساز كرا.
بەپێی ڕاگەیاندراوی ئەو دەستەیە، كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردن بووە لەسەر رەشنووسی "میساقی شەڕەف" لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و دەستەی دەستپاكی كە بە هاوكاری شارەزایانی (UNDP) ئامادە كراوە، دوای گفتوگۆكردن بڕیار درا حزبەكان لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا تێبینی و ڕای خۆیان لەبارەی میساقەكە بگەیەننەوە دەستەی دەستپاكی، تا ئامادەبێت بۆ پەسەند كردن.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوە کردووە، گرنگیی بڕگەكانی میساقەكە، پابەندبوونی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە بە پڕەنسیپی سەروەری یاسا و بنەماكانی حكومڕانی تەندروست و دەستپاكی و دژایەتی گەندەڵی، هەروەها پیادەكردنی شەفافییەت لە كاروباری ناوخۆی لایەنەكاندا و رێزگرتن لە دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.
دەستەکە دەڵێت: ڕای گشتیی ئاگەدار دەكەینەوە، لە داهاتوودا هەر حزبێكی سیاسیی واژوو لەسەر میساقی پەسەندكراو بكات، ناوەكەی بڵاو دەكەینەوە.