لیژنەی دەستپاکیی عێراق: ئاگرەکەی شارەوانیی ناسرییە بەهۆی گەندەڵییەوە کەوتووەتەوە
لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمان داوای لە حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی کرد، بەدواداچوون بۆ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بەشی موڵک و ماڵی شارەوانیی ناسرییە بکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دۆزینەوەی گەندەڵی کە بووە هۆی سووتانی مەلەفی موڵک و ماڵی تایبەتی هاووڵاتییان.
وەلید سەهلانی، ئەندامی لیژنەکە ڕایگەیاند، شارەوانی ناسریە بەهۆی فایلە گەورە گەندەڵییەکانییەوە تێکچووە و ئاگرکەوتنەوەکەش لەو شارەوانییە بێڕێزییە بە موڵک و ماڵی هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی دەوڵەت و خەڵک، ئەمەش جێگای قبوڵکردن نییە.
سەهلانی، پەیامێکی ئاراستەی حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی کرد و داوای لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کرد و ئاماژەی بەوە دا "ئاشکراکردنی ساختەکارییەکە بووەتە هۆی سووتاندنی موڵک و ماڵی هاووڵاتییان، پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکرێت".
ئەمڕۆ شەممە، 13ـی تەمموزی 2024، مورتەزا ئیبراهیمی، پارێزگاری زیقار، دەربارەی ئاگرکەوتنەوەکەی بەشی موڵکایەتی لە شارەوانی زیقار گوتی "ناکرێت ئاگر کەوتنەوەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بوو بێت".
ڕووداوی سووتانی بەشی فایلەکانی موڵک و ماڵی تایبەتی هاووڵاتییان لە شارەوانیی ناسریە گومانی زۆر دروست کردووە، بەتایبەت ڕووداوەکە دوای کەمتر لە دوو مانگ بوو، پاش ئەوەی دەستەی دەستپاکی بۆی دەرکەوت دەستکاریی لە فایلەکانی موڵک و ماڵی تایبەتدا کراوە.