کونسوڵی قەتەر: حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر پێگەیاندنی گەنجان کردووە

حوسێن بن علی ساڵح، کونسوڵی گشتیی قەتەر لە هه‌ولێر
حوسێن بن علی ساڵح، کونسوڵی گشتیی قەتەر لە هه‌ولێر

کونسوڵی گشتیی قەتەر لە هه‌ولێر ڕایگەیاند، سەرکەوتن پێویستی بە هەوڵی زۆرە، هەروەها ڕووبەڕووبونەوەی ئەو ئاڵنگارییانە پیویستی بە هەماهەنگیی زیاترە، ئەمەش کارێکە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر کردووە.

حوسێن بن علی ساڵح، کونسوڵی گشتیی قەتەر لە هه‌ولێر، لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجان، گوتی: سەرکەوتن پێویستی بە هەوڵی زۆرە، هەروەها ڕووبەڕووبونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی لەبەردەم گەنجاندان پێویستی بە هەماهەنگی زیاترە، ئەمەش کارێکە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر کردووە.

ئااماژەی بەوەش دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو چوارچێوەیەدا هاوبەشیی ستراتیجی کردووە، داواش دەکەم کە گەنجان سوود لەو هەل و پێشکەوتنانە وەربگرن بۆ ئەوەی کە خەونەکانیان بکەنە ڕاستی، هیوادارم ئەو پرۆژەیە ببێتە هەنگاوێکی گەورە و ئامانجێکی باشتر.

شەممە، 13-07-2024، بە چاودێریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی کونسوڵی وڵاتان و بەرپرسانی حکوومەتیی لە هەرێمی کوردستان و قەتەر و بە سپۆنسەری مێدیایی کوردستان24؛ ڕێوڕەسمی دەرچوونی چوار هەزار و 200 گەنج لە "خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجان" بەڕێوە دەچێت. 

خولەکە، لەلایەن نووسینگەی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کراوە و لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ڕ‌اهێنان بە چوار هەزار و 200 گەنجی شارەکانی هەرێمی کوردستان و تاراوگە کراوە. ئامانج لە خولەکە، پەروەردەکردنی گەنجان و بەهێزکردنی هەستە نەتەوایەتییەکەیانە.

هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، یاداشتێکی لێکگەیشتن لە نێوان نووسینگەی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان و "قەتەر فاوەندەیشن" بۆ پەرپێدان بە تواناکانی گەنجانی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان و چەندین پرۆژەی هاوبەشی دیکە ئیمزا دەکرێت. 

ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، بیرۆكەی ڕاهێنان بە گەنجانی ناوخۆ و تاراوگەی داوەتە ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان، بە مەبەستی نیشتمانسازی و پێشخستنی هەستی نەتەوەیی و ئەم خولە بەردەوامی دەبێت.