هێمن لهۆنی: بایەخدان بە گەنجان یەکێک بووە لە ڕاسپاردەکانی سەرۆکوەزیران

هێمن لهۆنی، بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەریی و پەیوەندیییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
هێمن لهۆنی، بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەریی و پەیوەندیییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەریی و پەیوەندیییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بایەخدان بە گەنجان یەکێک بووە لە ڕاسپاردە و فەرمانی سەرۆکوەزیران، ئێمەش لە ڕوانگەوە بایەخمان بە گەنجان و بەشداریی کارای گەنجان لە پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان داوە.

ئەمڕۆ شەممە، 13ـی تەمموزی 2024، هێمن لهۆنی، بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەریی و پەیوەندیییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجان ڕایگەیاند، دەرچوونی پۆلێک گەنجی سەرکەوتوو لە ڕاهێنانی ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان، کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە پلانی ورد گەنجانی ئۆفیسەکەمان توانیویانە ڕاهێنانێکی چڕ و پڕ بە گەنجانی شارەکانی کوردستان و هەروەها گەنجانی کورد لە تاراوگە بکەن.

بەرپرسی ئۆفیسەکە دەڵێت، "بنەمای ڕاهێنانەکان بریتی بوون لە بەهێزکردنی تواناکان و بەهێزکردنی هەستی نەتەوایەتیی لەنێو گەنجانی هەرێمی کوردستان".

لهۆنی دەشڵێت: "لەسەرەتای دامەزراندنی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان، بایەخدان بە گەنجان یەکێک بووە لە ڕاسپاردە و فەرمانی سەرۆکوەزیران بۆ ئێمە، ئەمەش لە ڕوانگە و دیدگەی سەرۆکی حکوومەتە بۆ بایەخدان بە گەنجان و بەشداری کارایی ئەو چینە گەنجە لە پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان".

هێمن لهۆنی ئەوەشی خستە ڕوو، "لە ڕاهێنانەکان لە ئۆفیسی دەستپێشخەری جەخت کراوەتەوە لەسەر پەروەردەی لاوان، مەبەستمان لە پەروەردەکردنەوەی لاوانە لە دروستکردنەوەی متمانە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو هەوڵانەی کە دەیانەوێت گەنجانی کوردستان بێهیوا بکەن لە کوردایەتی و هەستی نیشتمانپەروەری دووریان بخەنەوە".

بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەریی و پەیوەندیییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند "هەوڵەکانی ئێمە گەڕانەوەیە بۆ بەهای کوردی و ئەو بەهایانەی کە دەیانەوێت لەناوماندا نەیانهێڵن. دەمانەوێت گەنجەکانمان وا ڕابهێنین بە باش بڵێن باش و بە خراپیش بڵێن خراپ. خۆیان بیرکەنەوە کێ دڵسۆزە و کێ دڵسۆز نییە. خۆیان بڵێن کێ باشە بۆ ئەم وڵاتە و کێ خراپە. گرنگ ئەوەیە خۆیان بڕیار بدەن لەسەر ئەم وڵاتە، ئەوە کرۆکی ڕاهێنانەکانمان بووە و جەختمان لێ کردووەتەوە".

 بە چاودێریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی کونسوڵی وڵاتان و بەرپرسانی حکوومەتیی لە هەرێمی کوردستان و قەتەر و، بە سپۆنسەری مێدیایی کوردستان24؛ رێوڕەسمی دەرچوونی چوار هەزار و 200 گەنج لە "خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجان" بەڕێوە دەچێت. 

خولەکە، لەلایەن نووسینگەی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کراوە و لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ڕ‌اهێنان بە چوار هەزار و 200 گەنجی شارەکانی هەرێمی کوردستان و تاراوگە کراوە. ئامانج لە خولەکە، پەروەردەکردنی گەنجان و بەهێزکردنی هەستە نەتەوایەتییەکەیانە.

هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، یاداشتێکی لێکگەیشتن لە نێوان نووسینگەی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان و "قەتەر فاوەندەیشن" بۆ پەرپێدان بە تواناکانی گەنجانی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان و چەندین پرۆژەی هاوبەشی دیکە ئیمزا دەکرێت. 

ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، بیرۆكەی ڕاهێنان بە گەنجانی ناوخۆ و تاراوگەی داوەتە ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان، بە مەبەستی نیشتمانسازی و پێشخستنی هەستی نەتەوەیی و ئەم خولە بەردەوامی دەبێت.