باڵیۆزی سویسرا: بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان 

سروە ڕەسوڵ لەگەڵ ئێمیلجا جیۆرجیێڤا باڵیۆزی سویسرا لە ئوردن و عێراق، و مۆریزیۆ کریڤێڵاڕۆ بەڕێوەبەری هەرێمی ڕێکخراوی DRC لەعێراق
سروە ڕەسوڵ لەگەڵ ئێمیلجا جیۆرجیێڤا باڵیۆزی سویسرا لە ئوردن و عێراق، و مۆریزیۆ کریڤێڵاڕۆ بەڕێوەبەری هەرێمی ڕێکخراوی DRC لەعێراق

بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لەگەڵ باڵیۆزی سویسرا لە ئوردن و عێراق، دووپاتیان لە هاوکاریی کردنی زیاتری ئاوارە و پەنابەرانی هەرێمی کوردستان کردەوە.

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بڵاوی کردەوە، سروە ڕەسوڵ، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، لەگەڵ ئێمیلجا جیۆرجیێڤا باڵیۆزی سویسرا لە ئوردن و عێراق، مۆریزیۆ کریڤێڵاڕۆ بەڕێوەبەری هەرێمی ڕێکخراوی DRC لەعێراق کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا، سروە ڕەسوڵ بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، باسی بارودۆخی مرۆیی لەهەرێمی کوردستان و هاوکارییە مرۆییەکان و ئاڵنگارییەکانی بەردەم گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان کرد.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان ستایشی باڵیۆزی سویسرای کرد بۆ پشتگیری سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچ و داوای کرد، وڵاتەکەیان بەردەوام بن لەپشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان لەپرسی ئاوارە و پەنابەران کە تا ئێستا ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لەهەرێمی کوردستان هەن، ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لەڕێگریکردن لە کۆچ بەرەو ناوچەکان بەهۆی جوانیی کەلتووری هەرێمی کوردستان و بەرزی بەهای پێکەوە ژیان.

   لەلای خۆیەوە باڵیۆزی سویسرا، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردو خۆشحاڵی خۆی بەو پێشکەوتنە بەردەوامانەی هەرێم نیشاندا سەرەڕای بەربەستەکان، هاوکات بەڵێنیدا  وڵاتەکەی بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان، هاوکات ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە و پلان بۆ داهاتوو بەهاوکاریی و هەماهەنگی نێوان هەردوولا .