مەسعود کاڕەش: هەوڵ دەدەین تا 6 مانگی دیکە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر تەواو بکەین

مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر

K24 – هەولێر:

نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بەردەوامە بۆ ئەوەی کاسبکارانی بازاڕەکە بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، ڕۆژانە لێژنەیەک لە پارێزگای هەولێر چاودێری و سەرپەرشتی نۆژەنکردنەوەکە دەکەن. جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت: "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە تا شەش مانگی تر کۆتایی بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە بێت."

مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر، لەبارەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بەردەوامە و، ڕۆژانە لێژنەیەک لە پارێزگای هەولێر سەرپەرشتی کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە دەکات. هەروەها هەوڵ دەدەن بازاڕەکە لەسەر شێوازی کۆنی خۆی نۆژەن بکەنەوە.

هاوکات گوتی: "دەمانەوێت بازاڕەکە لە نزیکترین کاتدا نۆژەن بکەینەوە بۆ ئەوەی کاسبکاران دەست بە کەسابەتی خۆیان بکەنەوە". جەختی لەوەش کردەوە، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە تا شەش مانگی دیکە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر تەواو بکرێن.

شەوی (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێك لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.

دوای ڕووداوەکەش پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد، بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.

گوژمەی تەخانکراو بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینارە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھاوکاریکردنی کاسبکاران لە پارەی زبڵ و خاشاک، تابلۆ و باجی 50% بۆ ساڵی 2023 و 100% بۆ ساڵی 2024 خۆشبووە.

Fly Erbil Advertisment