گوتەبێژی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی: دانانەوەی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک لەلای پارتی، دوورە لە ڕاستی

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

گوتەبێژی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی ڕایدەگەیەنێت، دانانەوەی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دوورە لە ڕاستی.

شەممە 13ـی تەممووزی 2024، مەهدی کاکەیی گوتەبێژی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: کەسێک بەناوی (حەمەسور دووشیوانی)، چەند تۆمەتێکی ناڕەوا و بێ بنەمای ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە سەبارەت بەدانانەوەی پارێزگاری سەپێندراوی ئێستای کەرکووک، دەڵێت: بۆ ڕای گشتیی ڕای دەگەیەنین، تەواوی قسە و چەواشەکارییەکانی ئەو کەسە دوورن  لە ڕاستییەوە هیچ بنەمایان نییە.

گوتەبێژی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان دەڵێت:  هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دانانی پارێزگاری کەرکووک زۆر ڕوون و ئاشکرایە، هەر لەسەرەتاوە پارتی لەگەڵ دانانی پارێزگارێکی کـوردپەروەر و شیاو و قبوڵکراو بووە لەلای هەموو پێکـهاتەکانی شاری کەرکووک کە ئامانجی خزمەتکردن و نەهێشتنی جیاوازیی و سڕینەوەی ئەو سیاسەتە نادروسـتانە بێت کە دەرهەق بەپێکهاتەی کورد لەپارێزگاکە کراوە.

دەشڵێت: پارتی دژی هەمـوو ئەو تۆمەت و چەواشەکاریانەیە کە هەنـدێ لایەن و کەس بڵاوی دەکەنەوە، گـوایە پارتی دیمـوکراتی کوردستان هەوڵیداوە بۆ دانانەوەی پارێزگاری سەپێنراوی ئێستای کەرکووک بە پارێزگار، هیچ بنەمای نییە.

 ڕایدەگەیەنێت: پارتی دیموکراتی کوردستان بەتوندی ئەو تۆمەت و چەواشەکارییانە لە ژێر هەر ناو و پەردەیەکی شاراوە ڕەتدەکاتەوە، چونکە هەر ئەو لایەن و کەسانەی کە بوونە هۆی شێواندنی  دۆخی شاری کەرکووک و شارەکەیانبە  داگیـرکاریی و ناسەقامگیریی، ئێستا بە بەخشینەوەی تۆمەتی بێ بنەما و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست دەرهەق بە کەرکووکییەکان، دەیانەوێت ڕووی ناشرینی خۆیان سپی بکەنەوە، بەڵام ڕاستییەکان دیارن و گەلی کوردستان و پێکهاتەکانی شاری کەرکووک شاهێدی تێگەیشتن و سیاسەتی ڕوونی پارتین.

ئەو گوتەبێژە گوتی: دڵنیایی دەدەینە جەماوەری خۆشەویست و سەربەرز و خۆراگری شاری کەرکووک، پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامە لەسەر هەڵوێست و سیاسەتی لەمێژینەی خۆی بۆ ئایندەی کەرکووک، تاگەیـشتن بەدوا ئامانـجەکانی گەلەکەمان و خزمەتی هاووڵاتیانی خۆشەویست و خاوەن هەڵوێستی ئەو شارە.