محەمەد ڕەشید ئۆرمانی: پێویستە پەکەکە بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە

محەمەد ڕەشید ئورمانی، شرۆڤەکاری سیاسی
محەمەد ڕەشید ئورمانی، شرۆڤەکاری سیاسی

شرۆڤەکارێکی سیاسی پێی وایە سەردەمی شەڕی چەکداریی بەسەرچووە و پەکەکە ناتوانێت تورکیا لاواز بکات، یاخود لەناوەی ببات، بۆیە دەبێت سیاسەتی خۆی بگۆڕێت، دەشڵێت: هەرێمی کوردستان کێشەکانی پەکەکەی تێدا چارەسەر نابێت، بەڵکو لەنێو تورکیا دەتوانێت بەشداریی پرۆسەی سیاسیی بکات و کار بۆ داخوازییەکانی بکات.

شەممە 13ـی تەممووزی 2024، محەمەد ڕەشید ئورمانی، شرۆڤەکاری سیاسی بۆ کوردستان24گوتی: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر کاریگەریی قوڵی ستراتیژیەتی پارتی دادو گەشەپێدانە، دەڵێت: هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆسەر کوردستان و باکووری سووریا، دوو رەهەند لەخۆ دەگرێت، یەکەمیان ڕێککەوتنە کۆنەکانە کە تێیدا تورکیا  دەستی لە موسڵ بەردا بۆ عێراق بەرامبەر ئەوەی عێراق قەرەبووی تورکیا بکاتەوە بە لە هەشت لە سەدی بەهای غاز بۆ ماوەی 25 ساڵ، دەشڵێت: ڕێککەوتنێک لەنێوان عێراق و تورکیادا هەیە، ئەگەر هێرش لەنێو خاکی عێراق بکرێتە سەر تورکیا، مافی تورکیایە پارێزگاری لەخۆی بکات و بچتە نێو خاکی عێراق، بە پێچەوانەشەوە عێراق دەتوانێت لەهەر هێرشێک کە دەکرێتە سەری لەنێو خاکی تورکیاوە، دەتوانێت بچێتە نێو خاکی تورکیا.

ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت: بوونی نایاسایی پەکەکە لەنێو هەرێمی کوردستان بووەتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ تورکیا بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی کوردستان کە لە ئەنجامدا خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانیی و سەدان گوند چۆڵ و وێران دەبن و خەڵکەکەی دەربەدەر دەبن، بەرهەمی ماندووبوون و کشتوکاڵی ئەوان دەسووتێت و لەناو دەچێت.

گوتی: ئومێد دەکەین پەکەکە پێداچوونەوەیەکی ڕژد بە سیاسەتی خۆی بکات، بە گیانی کوردایەتی و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و میللەتی کورد، ڕەچاوی ئەوە بکەن هەرێمی کوردستان بەرهەمی قوربانیی هەزاران شەهید و چەندین شۆڕشە، پێویستە پێگەی هەرێمی کوردستان بە گرنگ وەربگرن و هێزەکانی خۆیان بگوازنەوە نێو خاکی تورکیا، دەڵێت: شۆڕشی چەکداریی شوێنی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی نەماوە، پەکەکە ناتوانێت بە هێرشی چەکداریی دەوڵەتی تورکیا لەناو ببات یاخود لاوازی بکات بۆ ئەوەی بێنە سەر مێزی گفتوگۆ، پەکەکە دەتوانێت لەڕێگەی بەشداریی کردن لە پرۆسەی سیاسی تورکیا، هەوڵی چارەکردنی کێشەی کورد لە باکوور بدات، چونکە بە ڕێگەی چەکداریی ئەو مافانە نایەنە دی.

دەشڵێت: چالاکییەکانی پەکەکە سوود بە دۆزی گەلی کورد ناگەیەنن، پێویستە پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆی بکات، کێشەکەی ئەو بە چاڵاکییەکانی لە هەرێمی کوردستان چارەسەر نابێت، پێویستە چاڵاکییەکانی بە شێوەی سیاسیی لەنێو تورکیا جێبەجێ بکات بە بەشداریی کردنی لە پرۆسەی سیاسی تورکیادا.