سپیکردنەوەی دراو بووەتە سیمایەکی دیاری ئابووری عێراق
سپیکردنەوەی دراو بووەتە سیمایەکی دیاری ئابووری عێراق و سەرجەم کەرتە جیاوازەکانی گرتووەتەوە، هەر لەبەر ئەمە دامەزراوە جیهانییەکان چەندین سزایان بەسەر کەرتی دارایی و بانکیی عێراقدا سەپاندووە و باجی ئەو سزایانەش هاووڵاتییان دەیدەن.
دیارترین شێوازی سپیکردنەوەی پارە لە عێراق لە کەرتی خانووبەرەیە و ئەمەش وای کردووە خواستی ئەو کەسانەی هەوڵی سپیکردنەوەی دراو دەدەن، لە بازاڕی خانووبەرە بەرزبێتەوە کە بەهۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان دادەندرێت، بەتایبەت بووەتە هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە لە بەغدا بەشێوەیەکی بەرچاو، لە هەندێک ناوچە یەک مەتر چوارگۆشە نرخەکەی 10 هەزار دۆلاری تێپەڕاندووە کە هاووڵاتییان ناتوانن یەکەیەکی نیشتەجێبوون بکڕن.
پێشتر هاوردەکردنی کەرستەی ساختە، سەرەکیترین شێوازی سپیکردنەوەی پارە بوو لە عێراق کە بەهۆکارێک دادەندرێت لەڕابردوودا ئەمەریکا مامەڵەکردن و پێدانی دۆلاری بە 75 نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو و 32 بانک قەدەغە کرد.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەنوێترین لێدوانی‌دا ڕایدەگەیەنێت: سەرەڕای دیدار‌و کۆبوونەوەی گرنگ لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ، هاوکات کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئەرێنی بوو، ئاماژەی بەوەشکردووە یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە پرسی نەخت و سیاسەتی بانکی ناوەندی عێراقی و هەماهەنگییە داراییەکان بووە لەگەڵ ئەو وڵاتە، هەروەها گفتوگۆی هاوبەشیان لەسەر ئەو بانکانە کردووە کە لە لیستی سزاکانی گەنجینەی فیدڕاڵی ئەمەریکادان.
لەگەڵ گۆڕانی شێوازەکانی سپیکردنەوەی پارە لە عێراق و سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ژمارەیەک بانک و کۆمپانیای ئەو وڵاتە، مەترسی کەوتووەتە سەر ئایندەی سیاسەتی دارایی و نەختی عێراق کە کاریگەری نەرێنی دروستکردووە، بەڵام ڕوون نییە شێوازەکانی سپیکردنەوەی پارە، بەدیاریکراوی ئایندەی ئابووری عێراق بەرەو کوێ دەبات.
شه‌ممه13ـی ته‌ممووزی 2024، عه‌لی جه‌بار، شاره‌زای به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یرانه ئابوورییه‌كان به كوردستان24ـی گوت، ئه‌و پارانه‌ی له عێراق سپی ده‌كرێنه‌وه ڕێژه‌ی 75%ـی پاره سپیكراوه‌كانی ناوچه‌كه پێك ده‌هێنن.
عه‌لی جه‌بار ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، یه‌كێك له مه‌ترسیدارترین كاریگه‌رییه ئابوورییه‌كان له عێراق چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی دراوی بیانییه به‌تایبه‌ته دۆلاره بۆ وڵاتان. واته ئه‌م پاره‌یه له گه‌نجینه و سامانی عێراقییه‌وه به گه‌نده‌ڵی ده‌چێته ده‌ره‌وه.
ئه‌و شاره‌زایه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یرانه ئابوورییه‌كان باسی له‌وه‌ش كرد، یه‌كێك له هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خانووبه‌ره، كڕینی خانووبه‌ره بووه بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ڕێگه‌یه‌وه پاره‌كان سپی بكرێنه‌وه، ته‌نانه‌ت له‌م بواره‌دا ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆمار كراوه.
عه‌لی جه‌بار باسی له‌وه‌ش كرد، ڕێژه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ناو دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت هۆكاری سه‌ره‌كییه له دروستبوونی ژینگه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره له عێراق.