به ڤیدیۆ.. پێشبینییه‌كانی "حاكم" پێچهوانهدهرچوون
حاكمی دوبه‌ی له‌ناكاو سه‌ردانى فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
له سه‌ردانێكی له‌ناكاوی شێخ محه‌مه‌د بن را‌شد ئال مه‌كتوم، حاكمی دوبه‌ی، بۆ فه‌رمانگه و دامه‌زراوه حكومییه‌كان، ده‌ركه‌وت به‌شێكی زۆری كاربه‌ده‌سته باڵاكان ده‌وام ناكه‌ن.
له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ فه‌رمانگه حكومییه‌كان، حاكمی دوبه‌ی نووسینگه و دامه‌زراوه‌ی حكوومه‌تی به چۆڵی بینی و هیچ كاربه‌ده‌ستێكی باڵا له شوێنی ده‌وام و كاره‌كه‌یان نه‌بوون.
رۆژنامه‌ی "گه‌لف نویز" بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئه‌و رۆژه‌ی نه‌ده‌بووایه كاربه‌ده‌ست و فه‌رمانبه‌ران له دهوامهكانییان دوا بكه‌ون، ئه‌وا رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو بوو، چونكه شێخ محه‌مه‌د بن را‌شد، حاكمی دوبه‌ی، فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌تی به‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، حاكمی دوبه‌ی پێشبینی ده‌كرد، به‌ڕێوه‌به‌رانی فه‌رمانگه حكوومییه‌كان له‌سه‌ر كار بن و سه‌رقاڵی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانییان بن، به‌ڵام پێشبینییه‌كانی شێخ محه‌مه‌د بن را‌شد له شوێنی خۆیدا نه‌بوو و پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌رچوو.
به گوێره‌ی ئه‌و گرته ڤیدیۆییه‌ی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی حاكمی دوبه‌ی بڵاویكردووه‌ته‌وه، شێخ محه‌مه‌د بن را‌شد له‌ناو ئۆفیسی بهڕێوهبهرێكه و كه‌سی لێ نییه، له پشته‌وه‌ی حاكمی دوبه‌ی وێنه‌ی كه‌سی خۆی له‌سه‌ر دیواره‌كه هه‌ڵواسراوه.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی خه‌لیج تایمز" دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له سه‌ردانه‌كه‌یدا، حاكمی دوبه‌ی، بڕیاری خانه‌نشینكردنی بۆ نۆ به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی دوبه‌ی ده‌ركرد.