ئەمڕۆ کۆتایی گەڕی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت
ئەمڕۆ یەک شەممە رێککەوتی 15/7/2024 دوای نزیکەی نۆ مانگ، کۆتا گەڕی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ وەرزی 2024 - 2024 بەڕێوەدەچێت، لە کۆتایی گەڕیش نەورۆز و هەولێر لە سلێمانی، هەروەها دهۆک و نەفتی میسان لە دهۆک رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.
لە شاری سلێمانی نەورۆز لە کاتێکدا میوانداری هەولێر دەکات، یانەکەی قەڵا و منارە گەڕی رابردوو چارەنوسی ئەم وەرزەی یەکلایی کردەوە، ئەو یانەیە دوای زنجیرەیەک ئەنجامی لاواز، دواجار بە بردنەوە گەورەکەیان بەرامبەر کەربەلا، مانەوەی خۆیان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق مسۆگەر کرد.
هەولێر ئەم وەرزە لە کۆی 36 یاریی، توانی 9 بردنەوە و 13 یەکسانبوون و 15 دۆڕان تۆمار بکەن و بە کۆکردنەوەی 40 خاڵ، لە پلەی 14 ریزبەندی دێت، بە بردنەوەشیان لەم یارییە تاوەکو پلەی 12 سەردەکەوێت.
لە بەرامبەردا نەورۆز ئەم وەرزەش توانی ئاست و ئەنجامی باش بەدەست بهێنێت، سەرەڕای ئەوەی یانەکەی پایتەختی رۆشنبیری ماوەیەک ئەنجامەکانیان وەکو پێویست نەبوون، بەڵام ئەو یانەیە توانیویەتی لە کۆی 37 یاریی و بە کۆکردنەوەی 55 خاڵ، پلەی شەشەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق مسۆگەر بکات.
نەورۆز چاوی لە دۆڕانی دهۆک و بردنەوەی بەرامبەر نەفتی میسانە، ئەو کاتە بۆ پلەی شەشەمی ریزبەندی سەردەکەوێت و چانسی بەشداری کردنی یەکێک لە پاڵەوانێتیەکانی وەرزی داهاتووی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەویش جامی یانەکانی کەنداو و پاڵەوانێتی یانەکانی عەرەبە.
لە شاری دهۆکیش یانەکەی ئەو شارە لە یاریگای خۆی پێشوازی لە نەفتی میسان دەکات، دهۆک هەموو ئامانجیەتی بە بردنەوە لەم یارییە، پلەی شەشەمی ریزبەندی مسۆگەر بکات، بۆ ئەوەی دواتر کێبڕکێی لەسەر یەکێک لە بلیتەکانی جامی کەنداو و پاڵەوانێتی عەرەبی بکات، بە پێچەوانەوە بە دۆڕان و یەکسانبوون لەم یارییە، رەنگە پێگەکەی لەدەست بدات.