سەفین دزەیی: هەرێمی کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی دووقۆڵی بەهێزیان هەیە

K24 – هەولێر:
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە بەردەوامی پەیوەندییەکان لەگەڵ فەرەنسا دەکات. جەختی لەوەش کردەوە هەرێمی کوردستان و فەرەنسا چەندین بەرژەوەندی و ئامانجی هاوبەشیان پێکەوە هەیە.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی وتارێکدا بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی فەرەنسا ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان و فەرەنسا باشترین پەیوەندی دوو قۆڵییان هەبووە، کە دەگەڕێتەوە بۆ شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بە دەستپێشخەریی و هەوڵدانی جەنەڕاڵ بارزانی نەمر.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا زۆر بەهێزە. باسی لەوەش کرد: هەرێمی کوردستان هاوکارییەکانی فەرەنسا لەبیر ناکات بە تایبەتی لە سەردەمی داعشدا کە فەرەنسا هاوکارییەکی زۆری سەربازی پێشمەرگەی کرد.
سەفین دزەیی، گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە بەردەوامی پەیوەندییەکان لەگەڵ فەرەنسا دەکات، هەروەها هەرێمی کوردستان و فەرەنسا چەندین بەرژەوەندی و ئامانجی هاوبەشیان پێکەوە هەیە.
لە 14ـی تەمموزی هەموو ساڵێک ئەو یادە لە فەرەنسا و نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئەو وڵاتە لە جیهان دەکرێتەوە بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی فەرەنسا و هاوشێوەی وڵاتانی دیکەش، فەرەنسا لە هەولێر ئەو یادە بەرز ڕادەگرێت.