سێنتکۆم: سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و بەلەمێکی حووسییەکانمان لەناو برد

فەرماندەیی ناوەندیی‌ هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم" ڕایگەیاند، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەلەمێکی سەر بە حووسییەکانی یەمەنیان لەناو بردووە.

ئاماژەی بەوەش دا دوو لەو فڕۆکانە لە ئاسمانی دەریای سوور و سێیەمیش لە ناوچەیەکی سەر بە حوسییەکان لەناو براوە.

لە بەیاننامەکەی فەرماندەییەکەدا هاتووە "ئەم سیستەمە، نوێنەرایەتی هەڕەشەیەکی نزیک دەکەن بۆ سەر ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا و ئەم ڕێوشوێنانەش گیراونەتەبەر بۆ پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و سەلامەتترکردنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان".

لەلایەکی دیکەشەوە، حووسییەکان ڕایانگەیاند بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەرکەشتییەکی ئیسرائیلیان لە کەنداوی عەدەن کردە.

ئەو گرووپە جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئەگەر ئیسرائیل دەستدرێژییەکان و گەمارۆی سەر گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززەدا ڕانەگرێت، ئۆپەراسیۆنەکانمان بەردەوام دەبێت".