پارێزگاری ورمێ: ئامادەکاریی بۆ گەشتی نزیکەی 500 هەزار زیارەتکار لە دەروازەی حاجی ئۆمەران کراوە

هاتنی زیارەتکارانی شیعە مەزهەب لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران - ئابی 2023
هاتنی زیارەتکارانی شیعە مەزهەب لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران - ئابی 2023

محەممەدسادق معتەمیدیان پارێزگاری ورمێ دەڵێ: هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ تێپەڕبوونی زیارەتکاران لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانەوە بەرەو کەربەلا جیاوازە لە دوو ساڵی ڕابردوو، گەشتەکانیان خێراتر دەبێت.

معتەمیدیان بە ئاژانسی ئیرنای ڕاگەیاندووە، ئەم ساڵ دەبێتە سێهەمین ساڵی لەسەر یەک زیارەتکارانی ئێران و بەشێک لە وڵاتانی دیکە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانەوە بەرەو هەولێر و لەوێشەوە بەرەو کەربەلا بچن، بەڵام بۆ ئامادەکارییەکانی ئەم ساڵ کار ئاسانی زیاتر و باشتر کراوە بە تایبەت دوای سەردانەکەمان بۆ هەرێمی کوردستان و دیدار و گفتوگۆمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان. هەروەها سەردانی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ تاران، ئەم ساڵ زیارەتکاران لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە ڕاستەوخۆ بەرەو کەربەلا دەچن.

پارێزگای ورمێ ڕاشیگەیاندووە، ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوەی زیارەتکارانیش کراوە کە لە کەربەلاوە هەر لە ڕێگەی هەولێر و حاجی ئۆمەرانەوە ڕاستەوخۆ دەگەڕێنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

هەروەها ئاماژەی داوە، ئامادەکاری تەواو بۆ گواستنەوەی نزیکەی 500 هەزار زیارتکار کراوە لە هەموو لایەنەکانی خزمەتگوزارییەوە.

کۆتاییەکانی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو شەپۆلی هاتنی زیاره‌تكارانی شیعه‌ مەزهەب بۆ به‌شداریی له‌ چله‌ی ئیمام حسێن لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دەستی پێ کرد، کە جگە لە زیارەتکارانی ئێرانی، شیعە مەزهەبەکانی توركیا، ڕووسیا، جۆرجیا، كازاخستان و ئازه‌ربایجان له‌ ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران و هەولێرەوە بەرەو کەربەلا چوون.

هەروەها محەممەدسادق معتەمیدیان پارێزگاری ورمێ سەرەتای مانگی ڕابردوو بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و لە بارەی پەیوەندییە بازرگانییەکان نێوان هەولیر – ورمێی و ئامادەکارییەکانی هاتنی زیارەتکارانی شیعە مەزهەب بۆ کەربەلا لە ڕیگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران تاوتوێ کرا.