بەرزیی پلەی گەرما ماسیگرانی ناچارکردووە شەوانە تۆڕەکانیان لە دەریاچەدا دابنێنەوە

بەهۆی بەرز بوونەوەی پلەکانی گەرما، ماسیگرانی دەریاچەی دوکان ئێستە ناچارن بە شەو تۆڕەکانی ماسیگرتن لەدەریاچەکەدا دابنێنەوە.
بەهۆی بەرزیی پلەکانی گەرما و گەرمیی ئاوی دەریاچەکەش بەتایبەت لە ڕۆژدا ، دەبێ پێش خۆرهەڵات ماسییەکانمان لە تۆڕەکان کردبێتەوە، دەنا تێک دەچن و بە کەڵکی خواردن نایەن.
محەممەد ئومێد، ماسیگر، بۆ کوردستان24 دەڵێت "زستانان، هی وا هەیە کاتژمێر 6:30 یاخود حەوت دێت بۆ هەڵگرتنەوەی تۆرەکە و لە هەمانکاتیشدا دای دەنێتەوە، لە وەرزی هاونیش لە پاش کاتژمێر سێ دوای نیوەڕۆ تۆڕ دادەنرێتەوە، چونکە کەشەکەی گەرمە و هی ئەوە نییە لە کاتژمیر 12:00 تۆڕ دانرێتەوە، ماسییەکەش بەشی سێ بۆ چوار کاتژمێر ناکات، لەبەر گەرما هەر بە تۆڕەکەوە ماسییەکە بۆگەن دەکات".
تیمی کوردستان24 شەوێک لەگەڵ ماسیگران لەسەر دەریاچەکە ڕۆژیان کردووەتەوە ئاخۆ ماسیگران چۆن ڕاوی ماسی دەکەن و شەو چۆن لەسەر دەریاچەکە دەکەنەوە.
پلەکانی گەرما بەرزن، ماسیگرانی دەریاچەی دوکان ناتوانن تا خۆرهەڵاتن لە دەریاچەکەدا بمێننەوە و ڕاوی ماسی بکەن . چونکە هەم گەرمای تاقەت پڕوکێن ئەوان ماندوو دەکات، هەمیش مانەوەی ماسی بە تۆڕەوە لە دەریاچەکە و لەو پلە گەرمییە بەرزە، وادەکات ماسی بەخێرایی بۆگەن بن .
دانانی تۆڕ بۆ ماسیگران ئاسانترە و هەندێ کاتی کەمتری پێویستە وەک لە هەڵگرتنەوەیان، ماسیگر بەپێی ژمارەی ئەو تۆڕانەی دایدەنێ کاتی دەوێ. دوای دانانەوەی تۆڕەکان ، ئیدی ماسیگران دێنەوە قەراغ دەریاچەکە، دڵخۆشیی ڕاوچیان لەو ڕۆژەدا بەندە بە داهاتی ئەو شەوەی ڕاوکردنیان.
دوای نان خواردن، هەر ماسیگرێک کتریە ڕەش دەخاتە سەر ئاگر و کاتی زۆری لەبەردەمە تا نیوەشەو دادێ. نزیک کاتژمێر یەک بەدواوە دەچنەوە دەریاچەکە بۆ هەڵگرتنەوەی تۆڕەکان.
ئێستە کەشوهەوا فێنک بووە، هەم ڕاوچیان باشتر دەتوانن کارەکانیان بکەن، هەمیش ئەو ماسیانەی لە تۆڕەکانیانی دەکەنەوە مەترسی خراپ بوونیان لەسەر نیە، ئیدی پێش خۆرهەڵاتن ئەوان ڕاویان کۆتایی پێ هێناوە .
عەلی محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی ماسیگران دەڵێت: جیاوازیی ماسییەکان ئەوەی زیاتر گەورە نابێت و لە شێوەی تیرە، بەلام تیرە نییە و جۆرە ماسییەکە پولەکەکانی بریقەی هەیە و پولەکەشی کەمە و گۆشتی زۆرە.
لەگەڵ خۆرهەڵاتن ئیتر کڕیارانی ماسی دێنە سەر دەریاچەکە بۆ کڕینی ماسی ماسیگران، هەر ماسیگرێک لەو شەوە داهاتی بەپێی چانس و ژمارەی تۆڕە دانراوەکانی خۆی بووە لە دەریاچەکە. دوای فرۆشتنی داهاتی ئەو ڕاوە، کاتی گەڕانەوە ماڵ و پشودان و دانانی پلانی شەوی داهاتووە.