ژووری بازرگانی و پێشەسازیی هەولێر: هەموو ئاسانکارییەک بۆ پیشەوەران، کاسبکاران و بازرگانان بکرێت
کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ھەولێر کرا و پارێزگاری هەولێریش جەخت لە پێشکەشکردنی ھەموو ئاسانکارییەک بۆ پیشەوەران و کاسبکاران و بازرگانانی شارەکە دەکاتەوە.
دووشەممە، 15-07-2024، بە سەرپەرشتیی د. پشتیوان سادق، بەرپرسى مەکتەبى ڕێکخستنى هەولێرى پارتى و بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و جێگرى بەرپرسى مەکتەبى ڕێکخستن و بەرپرسى لقى2 و بەرپرسى ڕیکخراوە پیشەییەکان، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆک و جێگر و ئەندامانی ژووری بازرگانیی ھەولێر کرا.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا وێڕاى بەرز نرخاندنى ڕۆڵى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى بۆ ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەشی دەکەن لە بواری کار و پیشەوەران و پلان و پڕۆژەی گونجاو و زانستی بۆ پێشخستنی ئابووریی بازاڕی پارێزگای ھەولێر؛ پاڵپشتی بۆ کارەکانیان بە شێوەی گشتی دووپات کرایەوە و جەخت لە پێشکەشکردنی ھەموو ئاسانکارییەک بۆ پیشەوەران و کاسبکاران و بازرگانانی شاری ھەولێر کرایەوە.