هۆشداری لە خواردنی گۆشتی مریشکی سوور دەدرێت

بەڕێوەبەری کەرەنتینە لە بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ڕووی زانستییەوە ئەو مریشکانەی گەورەن شیاوی خواردن نین، چونکە تەمەنیان گەورەیە و هیچ تایبەتمەندی و سوودێکیان نامێنێت.
دووشەممە، 15ـی تەمموزی 2024، د. میقداد ئیبراهیم، بەڕێوەبەرەی کەرەنتینە لە بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، مریشکی سوور لەگەڵ مریشکی سپی، ئەو جۆرانەی کە بەرهەمی هێلکەیان هەیە، لە کێلگەکانی پەلەوەری هێلکەکەر بەکار دەهێنرێن، دوو هۆ هەیە بۆ ئەوەی نەخورێن، یەکیان ئەوەیە کە تەمەنیان گەورە دەبێت و دەگاتە ساڵ و نیوێک، لە ڕووی زانستییەوە بە تەمەنی گەورە دادەنرێن، بە شیاوی نازانین بۆ خواردن، ناتوانین بڵێین گۆشتەکەی باش نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی تەمەنی گەورەیە ئەو تایبەتمەندی و سوودەی نامێنێت.
گوتیشی، "هەروەها هۆی دووەم لەبەر ئەوەی لە کێڵگە پەلەوەرییەکە، ئەو مریشکە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، دەرمان وەردەگرێت واتە زیاتر لە ساڵیک، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی ئەو دەرمانانە کاریگەرییان لەسەر گۆشتی ئەو مریشکە هەبێت، بەڵام ئەگەر ئەو مریشکە چەند ڕۆژێک بەر لە سەربڕینی دەرمانی لێ بڕابێت، هیچ کێشەیەکی نییە بۆ خواردن".
لای خۆیەوە د. مامەند مەستەفا، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر، دەڵێت، "مریشکی سوور وەکو لایەنی تەندروستی هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە و مەترسیدار نییە، بەڵام مریشکی سوور کە بۆ هێلکەیە نزیکەی 80 هەفتە بەخێو دەکرێت، کە بەخێو کرا ئیتر پیر دەبێت و شیاوی خواردن نییە".
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "مریشیکی سوور وەکو مریشیکی سپی گۆشتی پێوە نییە، واتە مریشکێکی بێگۆشت و پیرە و تەمەنی زۆرە گۆشتی زۆر کەم، ئەگینا لە ڕووی تەندروستییەوە هیچ کێشەیەکی نییە".
دەشڵیت: "هەندێکجار مریشکی سوور هێلکەدانەکەی تێک دەچێت و هەو دەکات، بەڵام ئەوەش بەدەگمەن ڕوودەدات لە ڕێژەیەکی زۆر ڕەنگە دانەیەک یان دوان تووشی ئەو حاڵەتە ببێت، هەموویان ناگرێتەوە".