وەزارەتی کشتوکاڵ: نزیکەی 600 هەزار تۆن گەنم ڕادەستی حکوومەتی عێراق کراوە

بەرهەمی گەنمی جوتیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بەرهەمی گەنمی جوتیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، 577 هەزار و 74 تۆن گەنم ڕادەستی حکوومەتی عێراق کراوە، ئەوەی کە ماوەتەوە، لە ماوەیەکی کەمدا ڕادەست دەکرێت.

دووشەممە، 15ـی تەمموزی 2024، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، 577 هەزار و 74 تۆن گەنم ڕادەستی حکوومەتی عێراق کراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە 132 هەزار تۆن گەنمە ئەویش لە ماوەیەکی کەمدا ڕادەست دەکرێت.

ئەو بریکارە دەڵێت، "هەتاکو دوێنێ 70 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران گەشتبوو، یەکسەر دەست بە دابەشکردنی کراوە، بەلام هێشتا پارەی گەنمی جووتیاران ماوە بگاتە کوردستان و ڕادەستی جووتیاران بکرێت".

کەریم سلێمان ڕاشیگەیاند، "ئەمساڵ ڕێژەی گەنم نزیکەی ملیۆنێک تۆن دەبێت، بەپێی ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ عێراق بڕیاردرا ئەمساڵ 700 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت".

ڕۆژی (4ـی حوزەیرانی 2024) بێگەرد تەڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بڕی یەک تۆن گەنم لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت و بەپێی ئەو داتا سەتەلایتەی کە پێوانەی ڕووبەری داچێنراومان کردووە، بۆ دوو ملیۆن و 955 هەزار دۆنم زەوی، پێشبینی دەکەین ملیۆنێک و 200 بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنممان هەبێت، بەڵام بەهۆی بارانی  ئەم دواییە و سووتانی بەشێک لەزەوی جووتیاران، پێشبینی دەکرێت لەو بڕە هەندێک کەمتر بێت.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: رۆژی چوارشەممە (5ـی حوزەیرانی2024) سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەست دەکەن بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.

Fly Erbil Advertisment