كاردانەوەكان دوای پاڵەوانبوونی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا

یاریزانانی ئارجێنتینا لە كاتی بردنەوەی ناسناوی كۆپا ئەمریكای 2024
یاریزانانی ئارجێنتینا لە كاتی بردنەوەی ناسناوی كۆپا ئەمریكای 2024

ئارجێنتینا بووە یەكەمین هەڵبژاردە لە مێژوودا زۆرترین نازناوی كۆپا ئەمریكا بباتەوە، دی ماریا رایگەیاند پێش یارییەكە خەونی بە بردنەوەی نازناوەكە بینی بوو، دەشڵێت: هەموو كاتێك مێسی یارمەتی ئێمەی دا، بەڵام ئەمجارەیان ئێمە یارمەتی مێسیمان دا و دڵخۆشمان كرد.

سكاڵۆنی: ژیانی خێزانەكانمان لە مەترسی دابوو
هەڵبژاردەی ئارجێنتینا بە تاكە گۆڵێكی لاوتارۆ مارتینێز شكستی بە كۆلۆمبیا هێنا و بۆ جاری شازدەیەم ناسناوی كۆپا ئەمریكای بردەوە.
لیۆنێل سكاڵۆنی راهێنەری هەڵبژاردەی ئارجێنتینا پێش ئەوەی باس لە بردنەوەی نازناوەكە بكات، دڵتەنگی خۆی بۆ ئەو رووداوانەی پێش یارییەكە دەربڕی، دەشڵێت: زەحمەتە روونی بکەینەوە پێش یارییەکە چی روویداوە، یاریزانمان هەبوو چاوەڕێی ئەندامانی خێزانەکەیان بوون هەواڵیکیان بزانن سەلامەتن یاخود نا، ئینجا بچنە نێو یاریگا، کاتژمێرێک چاوەڕیی ئەوە بووین، ناچاربووین دەست بە یارییەکە بکەین بەبێ ئەوەی بزانین چارەنووسی خێزانەکانمان چییە، پێموابێ یاریزانانی کۆلۆمبیاش هەمان دۆخدا تێدەپەڕین.
سكاڵۆنی گوتیشی: سەرەڕای ئەم دۆخە قورسەی تێمانپەڕاند هەست بە دڵخۆشی زۆر دەکەم، بە بۆنەی بەدەستهێنانی کۆپا ئەمریکا، لەهەمانکاتدا دڵخۆشم بە برندەوەی ئیسپانیا، بەشیکی خێزانەکەم ئیسپانین، رەگ و رێشەم لەم وڵاتە هەیە لە سەرووی هەمویانەوە راهێنەرەکە هاوڕێمە.

دی ماریا دڵخۆش نییە
ئانخیل دی ماریا دوایین یاریی خۆی لە كۆپا ئەمریكا بە درێسی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا ئەنجام دا و وازهێنانی لە یارییە نێودەوڵەتییەكان راگەیاند، لەبارەی یاریی كۆتایی كۆپا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە دڵخۆش نییە بەخۆی ئەو دۆخەی بەسەر مێسی داهات، دەشڵێت: مێسی ناچاربوو یاریگا بەجێبێڵێت، بەڵام بەهەر شێوازێک بێت توانیمان ئەرکی ئەو لەیاریگادا تەواو بکەین بۆ جاریکیش بێت لە نەبوونی ئەو بتوانین ئێمە کارێکی بۆ بکەین، بە بردنەوە توانیمان لیۆ دڵخۆشبکەین.
دی ماریا گوتیشی: دوێنێ لەکاتی نانخواردنی ئێوارە بەیاریزانەکانم گووت خەونم بینووە ئەم کۆپا ئەمریکایە دەبەینەوە ئەمە دەبێتە کۆتا ساتەکانی من لەتۆپی پێ، خۆشحاڵبووم لەگەڵ ئەم نەوە زێڕینەی ئارجێنتینا یاریمان کرد و دەستكەوت و ناسناوی گەورەمان بردەوە، کاتی ئەوە هاتووە لە یاریکردنی نێودەوڵەتی خانەنیشین بم، ئەوەی لە توانامدابوو پێشکەشی هەڵبژاردەکەم كردووە.

.
.
لیۆنێل مێسی و پارادێس لە یاریی كۆتایی كۆپا ئەمریكای 2024
لیۆنێل مێسی و پارادێس لە یاریی كۆتایی كۆپا ئەمریكای 2024