عێراق.. لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نزیکەی 300 حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراون

ئامارەکانی حاڵەتی خۆکوشتن لە عێراق تا دێت زیاد دەکات، وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش هەڵمەتێکی هۆشیاری و دابینکردنی سەقامگیریی ئەمنیی بۆ ئەو ناوچانە ڕاگەیاندووە کە زۆرترین حاڵەتی خۆکوشتن تێیاندا ڕووی داوە. بەتایبەتی ناوچەی بەتاوین.

میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، پلانە ئەمنییەکەمان سەرکەوتوو بووە و بەردەوامە، تەنانەت چالاکی هونەری و ڕۆشنبیریش پێشکەشی دانیشتوانی ناوچەی بەتاوین دەکەین و  لە بیرکردنەوە لە خۆکوشتن دووریان دەخەینەوە. ئەمیندارێتی بەغداش خزمەتگوزاریان بۆ دابین دەکات، بەتاوینەکەی جاران نەماوە کەس بیر لەوە ناکاتەوە کە خۆی بکوژێت، بەهای موڵک و کرێیش لەو ناوچەیە گران بووە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە سەرەتای ساڵی 2024وە تاکو ئێستا 291 حاڵەتی خۆکوشتن لە عێراق تۆمارکراون، جگە لە پوچەڵکردنەوەی دەیان هەوڵی خۆکوشتن، هۆی خۆکوشتنەکانیش جیاوازن؛ زۆرینەیان کێشەی سۆزداری و ئابووری و گرفتەکانی تری ناو کۆمەڵگەن، سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ماددەی هۆشبەر لە عێراق فاکتەری سەرەکیە بۆ خۆکوشتن،

عەدنان جحێشی، سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی مادده هۆشبەرەکان لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: خۆکوشتن زۆر بووە بە بڕوای من هۆکارەکەی زۆری بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرە، هۆکاریش زۆرن بۆ بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، سەرەکی ترینیان بێکاری و هەژارییە، چونکە هەرکەسێک هۆشی هەبێت و مرۆڤێکی ئاقڵ بێت بیر لەوە ناکاتەوە خۆی بکوژێت.