وەزارەتی دارایی: مووچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەکان گەیشت

مووچە
مووچە

مووچەی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکان؛ خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، 676 ملیار و 36 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی هێزەکانی پێشمەرگە و دام و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان؛ خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. 

هەرچەندە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وادەی دابەشکردنی مووچەی ئەو دوو مانگەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 سبەی چوارشەممە، 17-07-2024، دەست بە دابەشکردنی مووچەکان دەکرێت. 

لە دوای پەیوەندیی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە، 11-07-2024، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە درا.

چوارشەممە، 10-07-2024، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەبارەی پرسی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تەلەفۆن پەیوەندی لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.

ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بوو، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی وەزارەتی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردبوو.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.