مەسرور بارزانی هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی سەرکۆنە دەکات
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی سەرکۆنە دەکات و دەڵێت "هەر لایەنێک لە پشت ئەم هەوڵە ترسنۆکانەیەوە بێت، تەحەمولی بەرپرسیارەتیی ئەنجامەکان دەکات".
سێشەممە، 16-07-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا هەوڵی تیرۆرکردنی ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستانی "سەرکۆنە" کرد.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانێت دەزگا پەیوەنددارەکان هەوڵی ئاشکراکردنی بکەرانی "ئەم کارە تیرۆریستییە بدەن".
مەسرور بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە "هەر کەس و لایەنێک لە پشت ئەم هەوڵە ترسنۆکانەیەوە بێت، تەحەمولی بەرپرسیارەتیی ئەنجامەکان دەکات و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە".
تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی
نزیکەی کاتژمێر 09:24 خولەکی بەیانیی ڕۆژی دووشەممە، 15-07-2024، ئۆتۆمبێلی ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی گەرمیانی پارتی؛ لە بەردەم ماڵەکەی، لە شاری کەلار تەقێندرایەوە.
ئەکرەم ساڵح لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بە "کارێکی تیرۆریستی" ناوبرد و گوتی، "ئۆتۆمبێلەکە بە بۆمبی لكێندراو، تەقێنراوەتەوە". ڕاشیگەیاند، خۆی، شۆفێرەکەی و پێشمەرگەیەک کە لەگەڵیان بووە، بەهۆی ئەو "کردە تیرۆریستییەوە" بە سووکیی بریندار بوون و "چەند چرکەیەک زیاتر لەنێو ئۆتۆمبێلەکە ماباینەوە، هەموومان لەنێوی دەسووتاین".
بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی پێی وایە پێش ڕووداوەکە چاودێریی کراوە، "چونکە سەرەتا ئۆتۆمبێلەکەم لەنێو حەوشەی ماڵدا بوو، دواتر شۆفێرەکەم بردبوویە دەرەوە؛ نزیکەی چارەکێک لە دەرەوە بوو و هیچ شتێک ڕووی نەدابوو، بەڵام کاتێک سواری ئۆتۆمبێلەکە بووم و ئۆتۆمبێلەکە جووڵا، تەقییەوە. گومانم هەیە لە ڕێگەی کۆنترۆڵەوە و لە دوورەوە تەقێندرابێتەوە".
لەبارەی ئەوەی گومانی لە کێ هەیە ئەو کردە تیرۆریستییەی کردبێت؟ ئەکرەم ساڵح گوتی، "هیچ گرفتێکی پێشوەختەمان نەبووە و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان دەکەین". ڕوونیشی کردەوە، "کردەکە گەورە بوو و بە خەڵکی ناشارەزا ناکرێت، چونکە بۆمبەکە بە ژێر تایەی نزیک شوێنی دانیشتنەکەمەوە لکێندرابوو".