هەڵگورد شێخ نەجیب: شەڕی پەکەکە ناوچەکەی کردووەتە سەربازگە

سەرپەشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، شەڕی پەکەکە و تورکیا بەشێوەیەکی گشتی کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر ژیانی هاووڵاتیانی دەڤەرەکە.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "شەڕی پەکەکە و تورکیا بەشێوەیەکی گشتی کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر ژیانی هاووڵاتیانی دەڤەرەکە، ئێمەش لە ڕووی ئیدارییەوە بەهۆی چۆڵبوونی ئەو گوندانە، کێشە و گرفتمان یەکجار زۆر بووە ".

هەڵگورد گوتیشی: تاوەکو ئێستا شەڕی پەکەکە لەگەڵ تورکیا لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، هیچ کاریگەری ئەرێنی و پێشوەچوونی نەبووە بۆ سیاسیەتی پەکەکە لە باکووری کوردستان.

دەشڵێ: قوربانی سەرەکیی شەڕی نێوان هەردوولا، خەڵکی ئەو ناوچەیەن، هەروەها ئەو هەموو کێشە و ئاڵۆزییەی ئەو دوولایەنە بووەتە بار بەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە لەساڵانی ڕابردووشدا هەوڵێکی زۆر دراوە کە ئەو کێشانە لەو ناوچانە دوور بکەوێتەوە.

سەرپەشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، باسی لەوەش کرد، هێزەکانی پەکەکە، هێزەکانی سەربازی تورکیای پەلکێشی سنووری هەرێمی کوردستان کردووە، ئاماژەی بەوەش دا، کە هێزی سەربازی لەناوچەیەک جێگیر بوون ئەوە ناوچەکە دەبێتە ناوچەیەکی سەربازی، بۆیە مەترسی دەکەوێتە سەر هاتوچونی هاووڵاتیان.

هەڵگورد جەختیشی کردەوە، ئەو ناوچانەی هێزەکانی پەکەکەی لێیە، ئەوە هێزەکانی تورکیا هەوڵ دەدەن کۆنترۆڵی بکەن، کە هاتن دەبێتە ناوچەیەکی سەربازی بۆیە ڕەچاوی هیج شتێک ناکەن، بەتایبەتی سنووری برادۆست و باڵەکایەتی کە ناوچەیەکی گەشتیاریی و بازرگانی و کشتوکاڵیشە، بەهۆی بوونی شەڕەکانی پەکەکە و تورکیا زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە.