دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕۆژانە 20 تانکەر ئاو بۆ گەڕەکە بێئاوەکانی هەولێر دابین دەکات

بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێر لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند، ڕۆژانە 20 تانکەر ئاو بۆ گەڕەکە بێئاوەکان دابین دەکەین و هەروەها بۆ هەر ماڵێک دوو هەزار لیتر ئاومان دیاری کردووە.
سێشەممە، 16ـی تەمموزی 2024، ستاڤ ئاسۆ، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێر لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو گەڕەکانەی هەولێر کە تاوەکو ئێستە بێئاون چەند گەڕەکێکن و لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بودجەیەکی باش تەرخان کراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاو لەگەڵ ئاوی دەوروبەری هەولێر تاکو کار لەسەر چارەکردنی کەمئاوی هەولێر بکەن.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "لەبەر ئەوەی تاکو ئێستە کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو لەگەڵ ئاوی دەوروبەر بە کۆتا نەهاتووە و کێشەی کەم ئاوی لە هەولێر هەیە، بۆیە ئێمە وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەگەڵ پارێزگاری هەولێر کۆبووینەتەوە لەسەر ئەو بابەتە، بۆ هاوکاری و چارەکردنی ئەو گرفتە تاکو کێشەی ئەو گەڕەکانە چارە دەبێت".
دەشڵێت: "ئەو گەڕەکانەی کە بێئاون نزیکەی 12 گەڕەکن، بریتین لە باداوە، شورتاوە، گڵکەند، بێرکۆتی نوێ، گەڕەکی بەهار، گەڕەکی مامۆستایانی یەک و دوو، سەربەخۆی، دارەتوو، بەحرکە و شاوێس، ئەوەش مانای ئەوە نییە کە هەموو ئەو گەڕەکانەش بێئاو بن، بەڵکو چەند کۆڵانێک یاخود چەند ماڵێک بێئاون. ئەویش بەهۆی دابەزینی ڕێژەی ئاوی بیرەکان".
ستاڤ ئاسۆ، ئەوەشی خستە ڕوو "لەگەڵ پارێزگاری هەولێر ڕێککەوتووین، لە بەیانییەوە دەست بە پرۆژەی دابەشکردنی ئاوی ئەو گەرەکانە بکەین، ئەمڕۆ تیمەکانمان لە پرۆسەی تەندەری بوون بۆ بەکرێگرتنی تەنکەری ئاو، لەبەیانییەوە ڕۆژانە 20 تانکەری ئاومان لەناو شاری هەولێر دەبێت، بە چەند قۆناغێک ئەو ماڵ و گەڕەکانەی کە ڕێککەوتووین لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر و پارێزگاری هەولێر ئاگادار دەکرێینەوە، دوو هەزار لیتر بۆ هەرماڵێک دیاری کراوە و هەر گەڕەکێک بێئاو بێت ڕاستەوخۆ تیمەکەمان لەگەڵ تانکەری ئاو دەگەنە ئەو شوێنە".
ستاڤ ئاسۆ ڕاشیگەیاند، "ئەو بودجەیەی کە تەرخان کراوە بۆ دابینکردنی ئاو بۆ گەڕەک و ماڵەکانی هەولێر، لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە 150 ملیۆن دینارە، بودجەکەشمان کراوەیە و بەردەوامە، پرۆژەکەشمان بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ دیاری کردووە، هەرکاتێک کێشەی کەم ئاوی هەبێت، ئێمە بەردەوام دەبین وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی تاکو گرفتی کەمئاوی شاری هەولێر چارە دەبێت".