ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور: یەک لەسەر سێی بریندارانی شەڕی سوودان ئافرەت و منداڵن

سەرۆکی ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور ڕایگەیاند، لە سوودان یەک لەسەر سێی ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕەوە  برینداربوون و لە نەخۆشخانە خەوێندراون "ئافرەت و منداڵانی خوار تەمەن 10 ساڵانن".

سەرۆکی ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور، کریستۆس کریستۆ، لە پۆرت سوودان ڕایگەیاند، زۆرێک لە ڕێکخراوەکان "هەڵوێستی خۆپارێزی پەترەو دەکەن و چاوەڕێ دەکەن بزانن چۆن ململانێکان تەشەنە دەکەن".

ئەو قسانەی کریستۆ لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکان لە جنێڤ لە نێوان نێردراوێکی نێودەوڵەتی و دوو شاندی هەردوو لایەنی شەڕەکەدا بەردەوامە، هەرچەندە مەترسی برسێتی لە زیادبووندایە و هیچ ئاماژەیەکیش بۆ وەستاندنی شەڕەکە نییە بەم زووانە.

سەرۆکی ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور گوتیشی: داوا لە ڕێکخراوەکانی دیکە دەکەین، بەتایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاژانسەکان، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سوودان و هەوڵی زیاتر بدەن".

زۆربەی ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان تەنها توانیان هاوکاری بۆ ئەو ناوچانەی ڕۆژهەڵات بنێرن کە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای سووداندان، هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان هەردوو لایەنی تۆمەتبار کرد بە دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە و بێبەشکردنی بە ئەنقەستی خەڵک لە یارمەتییە مرۆییەکان.

کریستۆ دەڵێت: "هێشتا بەدەست تاڵانکردن و هەراسانکردنی کارمەندانی پزیشکییەوە گیرۆدەن و خەڵکمان لەدەستداوە".

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەوە، سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا تۆمەتبارکراون بە تاڵانکردن و ڕێگریکردن لە یارمەتییە مرۆییەکان، ئەمە جگە لە لەناوبردنی سیستەمی چاودێری تەندروستی وڵات.

لە 15ـی نیسانی 2023ەوە، شەڕ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان سەریهەڵدا، سەرەڕای ئەوەی بەناوبژیوانی سعوودیە و ئەمەریکا چەندین جار کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا شەڕ بەردەوامە کە بووەتە هۆی کوژران و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس، هەروەها زیاتر لە هەشت ملیۆن سوودانیش ئاوارە بوون.

Fly Erbil Advertisment